ژنانی حەسەکە: ئامانجی هێرشەکانی تورکیا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە

ژنانی شاری حەسەکە لە کانتۆنی جەزیرە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کرد کە ئازارەکانیان زیاتر دەکەن و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ترس و نائارامییە لەناو خەڵکی ناوچەکەدا.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- تورکیا لە ڕێگەی هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەوڵدەدات ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات و دانیشتوانی ڕەسەنی وڵاتەکەی ئاوارە بکات و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لەخۆدەگرێت، لەناوببات.

 

داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕێگەی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانییەوە هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەک و دامەزراوە گرنگەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش بە ئامانجی چاندنی ترس و تیرۆر لەناو دانیشتوانی ناوچەکە و ئاوارەبوونیان لە شوێنی خۆیان ناوچەکان.

 

دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج

ڕایە عەلیوی، بەرپرسی فەرمانگەی ژنان لە پارتی نیشتمانیی سووریا ڕایگەیاند، “هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانمان پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەوڵدەدەن، لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن، داگیرکاری تورکیا هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکە و ژنانی خاوەنکار و چالاکوانیش دەکاتە ئامانج تا دەگاتە ئەو ژنانەی کە لە بواری میدیادا کاردەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکەری تورکیا هیچ بایەخێک بەو پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییانە نادات کە داوای مافی مرۆڤ دەکەن و ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوانی دژیان دەکەن، "تورکیا لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە هەوڵ دەدات بەشە نوێیەکانی خاکی سووریا بتاشێنێتەوە و بیخاتە ناو خاکەکەیەوە، هەروەها پێشێلکردنی یەکێتی و سەروەری خاکی سووریا و کارکردن بۆ تێکدانی سەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتەیە، بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشەکانیشی میساقی میللی عوسمانییەکان دەهێنێتە بەرباس، کە لە شاری حەلەبی سووریاوە تا موسڵ لە عێراق درێژ دەبێتەوە.

 

ڕایە عەلیوی ئەوەشی باسکرد، کە ئامانجی تورکیا لەم هێرشانەدا نەهێشتنی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموزە، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکانیش بەڵگەی لاوازییەتی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی کە ماوەی ١٣ ساڵە بەدوایدا دەگەڕێت، وتیشی: ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان سەلماند و ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە هەموو بوارەکاندا بە سیاسی و سەربازییەوە بینیوە و بەرەنگاری تیرۆر بوونەتەوە.

 

"تورکیا نەیتوانی پشتیوانی بۆ داگیرکردنی ناوچەکە بەدەستبهێنێت"

فیدان خەلیل، ئەندامی پارتی نیشتمانیی سووریا، ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد و وتی" تورکیا دوای ئەوەی نەتوانی پشتیوانی سیاسی بۆ داگیرکردنی زەوییە نوێیەکانی ناوچەکە بەدەستبهێنێت، هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕ کردەوە، بەئامانجگرتنی ناوەندە گرنگەکان لەلایەن تورکیاوە لە چوارچێوەی ناچارکردنی دانیشتوانی ناوچەکە دایە بۆ ئاوارەبوون و کۆچکردن و لاوازکردنی دامەزراوە مەدەنییەکانی خۆبەڕێوەبەری، ئەم هێرشانە پشتڕاستی ئەو سیاسەتە ئارەزوومەندانە و شەڕانگێزانە دەکەنەوە کە تورکیا بەرامبەر گەلانی ناوچەکە بەڕێوەی دەبات.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە کە دەوڵەتی تورکیا بە سیاسەتی شەڕانگێزی بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی خۆی و ڕشتنی خوێن و کوشتنی هەر کەسێک کە داوای مافی خۆی دەکات، ناسراوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە کۆتایی بە پراکتیزەکانی دەوڵەتی تورکیا بهێنن بەرامبەر بە گەلانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتیشی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی هێرشە دووبارە و بەردەوامەکانی دژی گەلانی ناوچەکە و وەستانەوە بەرامبەر بە پلان و پراکتیکەکانی تورکیا.