تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پێشێلکارییەکانی مانگی ئابی بڵاوکردەوە

 تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەو پێشێلکاریانەی مافەکانی ئاشکرا کرد کە لە مانگی ئابدا ڕوویانداوە، بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٤ کەس لە سێدارە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە لە نێوان ١بۆ ٣١ی ئاب ئامادە کردووە.

 

تۆڕی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لە مانگی ئابدا لانیکەم ١٤ کەس لە سێدارە دراون و یەکێک لەوانە ڕەزا ڕەسای تەمەن ٣٥ ساڵ بووە کە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیرکراوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە مانگانەکە، ڕۆژی ٢٦ی ئاب، مۆبینا زەینیوەندی تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن باوکیەوە کوژرا، بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوە بکات کە خۆشی دەوێت.

 

هەروەها باس لەوە کرا کە لە مانگی ئابدا لانیکەم دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٩ کۆڵبەریش بریندار بوون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم  ١٧ کەس لە ناویاندا پیاوانی ئایینی دەستگیرکراون و دادگاکانی ئێران لانیکەم سزای زیندانیکردنی ٦ مانگ تا ٨ ساڵ و ١٠ مانگیان بەسەر ٥ کەسدا سەپاندووە.