لە سیمینارێکدا دەرئەنجام و لێکەوتەکانی هەمواری یاسای باری کەسی خرایەڕوو

لە سیمینارێکدا دەرئەنجام و لێکەوتەکانی هەمواری یاسای باری کەسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پارێزەر شۆخان ئەحمەد و شاڵاو ئەبوبەکر خرایەڕوو، ئاماژە بەوەشکرا، بە هەموارەکە ژنانی عێراق ١٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە بۆ دواوە، دوای منداڵبوونیش کاریگەریی خراپ دادەنێت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، نوێنەری ژنانى بزووتنەوەی گۆڕان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری یاسای بزووتنەوەی گۆران لە بارەى دەرئەنجام و لێکەوتەکانی هەمواری یاسای باری کەسی لەسەر هەرێمی کوردستان سیمینارێکی بۆ هەریەکە لە پارێزەران شۆخان حەمە ئەمین و شاڵاو ئەبوبەکر ئەنجامدا.

 

لە سیمینارەکەدا شۆخان حەمە ئەمین وتی: پڕۆژەی هەمواری یاسا بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو تاکەکانەوە هەیە، دەرئەنجامی ئەم هەمواری یاسایە پەیوەستە بە ڕێکخستنی تاکەکانی کۆمەڵگەوە، ئەم هەموارە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی مەزهەبی و تائیفەگەری و جیاوازی لەنێوان کۆمەڵگەدا درووست دەکات ئەمەش دژی مادەی ١٤ـی دەستوورە، کە دەڵێت “هەموو عێراقییەک یەکسانە لەبەردەم دادگادا”.

 

وتیشی: ئەم هەموارە دەگەڕێتەوە بۆ مەزهەبە جیاوازەکان، چونکە مەزهەب بڕیار لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریی دەدات و دواجار دەبێت دادگاکان تەسدیقی بکەن، ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر کۆمەڵگە، چونکە ئەم هەموارە ڕێگە بە هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا دەدات، ڕاستە ئەم یاسایە هەتا لە پەرلەمانی هەرێمى کوردستان پەسەند نەکرێت لێرە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام کاریگەریی ناڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش، وەک ئەوەی چۆن بۆ فرەژنیی ئێستا لە هەرێمەوە خەڵک پەنا دەباتە بەر دادگاکانی عێراق.

 

ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی یاساییدایە پەرلەمان بوونی نییە، گاریگەریی دەبێت لەسەر پڕۆسەی خوێندن کاردەکاتە سەر یاسا کارپێکەرەکانی تر، لە عێراقدا تەمەنی منداڵ دیاری کراوە ئەگەر تاوانێک ئەنجامبدات، سزاکەی جیاوازە ئەم هەموارە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو ڕێککەوتنامانەیە کە عێراق واژۆی کردوە.

هەروەها، پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر وتی: بە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە سەرلێشێواوی بۆ کۆمەڵگە درووست دەکات، بەو بڕیارە ژنانی عێراق ١٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە بۆ دواوە، دوای منداڵبوونیش کاریگەریی خراپ لەسەر ژنان دادەنێت، چونکە لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە نییە ببێت بە دایک، ڕەنگە تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان ببێت و پەنا بباتە بەر خۆکوشتنیش.

 

لە ٤ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد، بەپێی وتەی شارەزایان لە هەمووارەکەدا مەزهەب گەرایی و تائیفەگەریی قوڵدەبێتەوە و مافەکانی ژنان و منداڵانیش پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی جیابوونەوە ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیری کردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات.