زیاتر لە ٥٠ ژنی خاوەنکار بەشداری فێستیڤاڵی هەنجیر بوون

بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژنی خاوەنکار سێیەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە شارەدێی تەقتەق بەڕێوەچوو، نزیكەی ١٠ هەزار گەشتیار بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كرد.

شیا كۆیی

 

کۆیە- سێیەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە شارەدێی تەقتەقی سەربە شارۆچکەی کۆیە بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژن بە كاری جۆراوجۆر و ٨٠ جووتیار بە بەرهەمی خۆماڵیی بەڕێوەچوو، کە ئامانجی هاندانی گەشتیاری و ئاشناکردنی سەردانکەرانە بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.

 

ئامانجی فێستیڤاڵەکە پاڵپشتی و پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بوو لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، بەرزکردنەوەی متمانەی بەکاربەران بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و پاڵپشتیكردنی جووتیارانی دەڤەرەكەیە، هاوكات تیشک خستنە سەر ئەو گەڕانەوەی ئابوورییەیە، کە لەلایەن کەرتی کشتوکاڵەوە پێشکەش دەکرێت، هاندانی خاوەن کێڵگەکانیشە لە ڕێگەی کردنەوەی ئاسۆی نوێ و داهێنەرانەی بازاڕکردن بۆ بەرهەمەکانیان.

 

ژنان پێشەنگی فێستیڤاڵەکانن

ڕووناك محەمەد، یەكێك لەو ژنانەیە لە سلێمانیەوە هاتووە بۆ فێستیڤاڵەكە و بەجلوبەرگی ژنانەی كوردییەوە بەشداریی كردووە، ئەو بۆ نوژنها وتی: ئەوە سێیەم ساڵە بەشداری فێستیڤاڵ دەكەم، بە جلوبەرگ و كڵاو و کەرەستەی كەلەپووری و كوردەوارییەوە، جگە لەمانە ئیشی خوری و چنینیش دەكەم، بەڵام بەهۆی گەرماوە نمایشم نەكردووە.

 

وتیشی: زۆر خۆشحاڵین بەو بەشداریكردنە لە فێستیڤاڵەكە، ئێمە وەك سەفرەو گەشت بەشداری لەو جۆرە فێستیڤاڵانە دەكەین و بە ماڵەوە دێین و لێرە گەشتوگوزاری كۆیە شوێنی مانەوەیان بۆ دابینكردووین و زۆر ئاسانكارییمان بۆ كراوە.

 

لیمۆ نادر لە ناوچەی شوانەوە بە بەرهەمەكانی رەز و باخی خۆیان بەشداری كردووە و دەڵێت: بەرهەمەكانم هەمووی سروشتی و هی ماڵی خۆمە، وەك هەنجیری وشك و تازە و و گەڵامێو، بەشداریم كردووە لەو فێستیڤاڵە و فێستیڤاڵێكی زۆر خۆشە ئەوەش لە سەرووی هەموویەتی.

 

وتیشی: ئەمرۆ زیاتر هەنجیری وشكم فرۆشتووە، بە بەراورد بە هەنجیری تازە، چونكە هەنجیرەكەی من سروشتییە و جوانە، شەكراوم لێنەداوە، دەشمەوێت ژنان فێر بكەم چۆن لەم وەرزە هەنجیر وشك بكەنەوە.

 

بەپێی  وتەی بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەق نزیكەی ١٠ هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەكەیان كردووە و سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە چێژیان لە کەشێکی خێزانیی پڕ لە خۆشی و کات بەسەربردن و چالاکییەکان وەرگرت.