ڕێكخراوی جاسەنە: تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت

ڕێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا‌ و میدیا، ڕایگەیاند، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكات‌ و بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەزانێت بۆ سەر كاری ڕۆژنامەوانی‌ و ئازادی ڕۆژنامەوانیی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا‌ و میدیا ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی شارۆچکەی سەیدسادق، کە دوو ڕۆژنامەنووسی ژن گیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەكەین، چیتر لە بەرامبەر ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانەی سەروەری عیراق بێدەنگ نەبن‌و هەڵوێستی ڕوون‌و ڕاشكاویان هەبێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی جاسەنە؛

"ئەمڕۆ لە ئاكامی هێرشێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێكی ڕۆژنامەنووسان لە سنووری شارەزوور، دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەكانی (گوڵستان تارا‌ و هێرۆ بەهادین) كە رۆژنامەنووسی سەر بە كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی بوون، شەهید بوون‌ و ڕۆژنامەنووسێكی دیكەش بریندار بووە.

 

ڕێكخراوی جاسەنە، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكات‌ و بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەزانێت بۆ سەر كاری ڕۆژنامەوانی‌و ئازادی ڕۆژنامەوانیی، لەكاتێكدا ئەو ڕۆژنامەنووسانە سەرقاڵی كاری پیشەیی خۆیان بوون‌و تیرۆركردنیان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

 

هەربۆیە؛ وەک ڕێكخراوی جاسەنە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەكەین، چیتر لە بەرامبەر ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانەی سەروەری عیراق بێدەنگ نەبن‌و هەڵوێستی ڕوون‌ و ڕاشكاویان هەبێت، لە پێناو پاراستنی ژیانی هاونیشتیمانیان‌ و شكۆی وڵاتدا.