ژنانی ڕانیە: هەموواری یاساکە هاندانە بۆ فرەژنی و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵ

ژنانی چالاکوانی ڕانیە دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، هەمووارکردنەوەی یاساکە هاندانە بۆ فرەژنی و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵ.

دیڤان سیهاد

 

ڕانیە- ئەمڕۆ لە باخى گشتىی شارۆچکەی ڕانیە، لە دژی هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق، ڕێکخراوەکانى ژنان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و ڕایانگەیاند، کە دەسەڵاتە شیعەکان دەیانەوێت بنەمای مەزهەبی بەسەر ژناندا بسەپێنن.

 

خەدیجە موسا، چالاکوانی بواری ژنان، بەیاننامەی هاوبەشی ژنانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا عێراق لە دۆخێکی نا جيگیردایە لە ڕووی ئابووریی، سیاسیی، ئەمنی، ململانێی مەزهەبی و هەڵکشانی ڕيژەی هەژاری، کە ڕۆژبەڕۆژ ژیانی هاوڵاتییان سەختر دەبێت، دەکرا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە بکات، لە بری ڕێگەپێدان و کارکردن بۆ هەمووارکردنەوەی بەشێک لە بڕگە یاساییەکانی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کە بەشێک لە دەسەڵاتدارە ئیسلامیە شیعییەکان دەیانەوێت لە ڕێگای ئاڵوگۆڕێک لە یاساکانی باری کەسێتی لەسەر بنەمای مەزهەبی بەسەر ژناندا بسەپێنن، کە ئەمە ڕەواجدانە بە توندوتیژی.

 

خەدیجە موسا وتیشی: هەموواری یاساکە هاندانە بۆ فرەژنی و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵ لە ژێر ناوی هاوسەرگیریدا، کە ئەمە توندوتیژیی و سوکایەتی پێکردنە بە ژنان، کە ئەگەر چاکسازی بکرێت دەبێت چاکسازی مەدەنیانە بکرێت و دانانی تەمەنی یاسای بۆ هاوسەرگیری و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری و پەروەردەی لەم بوارەدا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن لەم بوارەدا تەنها کاری هاوڵاتیانی عێراق نییە، بەڵکو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشە، بەپێی دەستور عێراق کاریگەری ڕستەوخۆی هەیە لەسەر یاساکانی هەرێم.

 

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە تەواوی هەوڵی خۆمام دەدەین، بۆ ڕێگریکردن لە هەمووارکردنەوەی ئەم بڕگە یاساییە، هەروەها پاڵپشتی هەرکەس و لایەنێک دەکەین کە لەم بوارەدا کاربکات، داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەکەین هەرچی زووترە ڕێگە بگرێت لە جێبەجێکردنی ئەم هەمووارە، لە بری ئەمە هەوڵبدەن بۆ بەدەست هێنانی حکومێکی مەدەنیانە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە عێراق.