ژنانی ئێزدی: با عێراق سەرەتا سزای ئەو کەسانە بدات کە بەرپرسیارن لە فەرمانەکە
ژنانی ئێزدی کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بە داخستنی پادێ و ڕایانگەیاند، حکومەتی عێراق ئەوەندەی هەوڵی داخستنی پادێ دەدات با لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە فەرمانەکەیان لەسەر ئێزدییەکان کرد.
هێڤیدار شەنگالی
شەنگال- ڕۆژی ٦ی ئابی ئەمساڵ، دادگای باڵای عێراق بڕیاری داخستنی پارتی ئازادیی دیموکراتیکی ئێزدی "پادێ"ی دا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ بە خوێنی شەهیدان و ڕەنجی پێکهاتەی ئێزدی و تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراتتیک دامەزراوە، شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە بڕیارەکە دوای سێ ڕۆژ لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دراوە.
پێکهاتەی ئێزدی لە زۆر بازنەدا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە داخستنی پادێ و ڕایانگەیاند، ئەو بڕیارە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و حکومەتی عێراق دراوە.
ژنانی ئێزدی سەبارەت بە داخستنی پادێ قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایانگەیاند، تا کۆتایی لەگەڵ پارتەکەیان دەبن و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکەن.
"پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە فەرمانیان لەسەر ئێمە کرد"
فیلوس بەرکات، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕیوەبەری خانەسۆر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بڕیارە تەنها بڕیاری عێراق نییە، هێزێکی وەک دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەش هەن و وتی: ڕێگەیان پێنادەین دەست بەسەر پارتەکەماندا بگرن، بەم بڕیارە دەیانەوێت جارێکی تر وەک ٣ی ئاب فەرمانێک بۆ ئێزدییەکان دەربکەن، فێڵێکی پیسمان لێدەکەن بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین، ئەوان دەیانەوێت ئێزدییەکان بێدەنگ بکەن و لەناویان بەرن، بەڵام ئێمە هەرگیز لەناو ناچین, لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارە تەنها لەلایەن عێراقەوە نەبووە، تورکیا و پەدەکەش لەپشت ئەم بڕیارەوەن، ئەوەندەی سەرقاڵی داخستنی پادێ-ن، با سزای ئەو کەسانە بدەن کە هۆکاری ئەو فەرمانە بوون، داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک و داعش بکەن، ژنە ئێزدیەکانیش کە دیلن بەدەست چەتەکانەوە ڕزگار بکەن، هەروەها تا کۆتایی بێدەنگ نابین و بەرخۆدان دەکەین.
"ئامانجیان لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدییە"
سێڤێ خوەدێدا، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری سنونێ وتی: دوای بەبیرهێنانەوەی ئەو فەرمانە، بڕیاریان دا کە پادێ دابخەن، ئامانجیان لەناوبردنی پادێ و کۆمەڵگەی ئێزدی بوو، پادێ ئێزدی و کولتوورەکەمان دەپارێزێت، قبوڵی ناکەین حکومەتی عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە لەسەر پادێ بدات، چونکە پادێ بە خوێنی شەهیدان بونیاد نراوە، ئەوەندەی بڕیار دەدەن کە پادێ دابخەن، با سزای ئەو کەسانە بدەن کە فەرمانیان لەسەر کردین و کچ و کوڕەکانمانیان کوشت و بە دیل بردیانن.