بەهێزکردنی ژنان و گەنجان دوو پایەی بنەڕەتین بۆ گەیشتن بە ئاشتی
بەشداربووانی دانیشتنی دیالۆگ کە لە شاری تەعز لە باشووری یەمەن ڕێکخرابوو، جەختیان لە گرنگی بەشداریی گەنجان لە تاوتوێکردنی پرسەکانی ئاشتی و بەربەستەکانی بەردەم کۆمەڵگەکەیان کردەوە.
هالە حاشدی
یەمەن- ئەنجومەنی باڵای لاوانی یەمەن لە شاری تەعز، دانیشتنێکی دیالۆگی لە ژێر ناوی "ئاشتی لە یەمەن، ئاسۆ و بەربەستەکان" ڕێکخست، کە هاوکات بوو لەگەڵ ١٢ی ئاب، ڕۆژی جیهانی گەنجان، ئەم چالاکییە نزیکەی ٢٠ ژن و پیاوی گەنجی جیاوازی کۆکردەوە ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا دەرکەوت.
دانیشتنی دیالۆگ کە دوێنێ ڕێکخرابوو، شایەتی کارلێکێکی بەهێزی بەشداربووانی ژنانی گەنج بوو، کە بیرۆکەی داهێنەرانەیان خستەڕوو بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا، گفتوگۆکان گرنگی بەشداریکردنی کاریگەرانەی ژنانەی دەرخست هەروەها ڕۆڵی ئەوانی لە پێشخستنی گفتوگۆ و ئاشتەواییدا دەرخست.
هەروەها ژنانی گەنج دەستیان کرد بە گفتوگۆی قووڵ سەبارەت بەو بەربەستانەی کە لەبەردەمیاندا وەستاوە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، هەروەها باس لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەهێزکردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، گفتوگۆکان دەستیان خستە سەر پێویستی هەوڵەکانی گەنجان و ژنان بۆ یەکگرتن و پشتگیری لە پرسەکانی گەنجان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەربەستانەی دێتە بەردەم ژنان.
یەکێک لە بەشداربووان، بە ناوی سالی نەبهانی، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە ژنان وەک ئەندامی سەرەکی مافی بەشداری سیاسی و دەربڕینی بۆچوونیان هەبێت، ئاماژەی بە گرنگی بەشداریکردنی چالاکانەی ژنان لە بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا کرد، لەوانەش سیاسی، کولتووری و ئاستی کۆمەڵایەتی.
ڕوونیشیکردەوە، ژنان دیدگا و ئامانجیان وەک پیاوان هەیە، هەربۆیە دەبێت پاڵپشتی بەشداریکردنیان لە بڕیارداندا بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان خاوەنی ئەو لێهاتوویی و توانایانەن کە پێویستن بۆ بڕیاردان چونکە کاریگەری لەسەر ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکانیان دروست دەکەن.
"گرنگە کار لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندی بڕیارداندا بکرێت"
لای خۆیەوە عەبیر محەمەد، یەکێک لە بەشداربووانە و باسی لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە دەنگی ژنان گەورەتر بکرێن و بەشدارییان لە چالاکییەکاندا هەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان کە بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر و بەرەوپێشبردنی ئاشتییە لە یەمەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەهێزکردنی ژنان لە بواری سیاسیدا پێویستی بەوەیە کۆمەڵگە پاڵپشتی بەشداریکردنیان بکات لە بڕیاردان، بەو پێیەی ژنان خاوەنی لێهاتوویی و توانای پێویستن بۆ بڕیاردانی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا.
سالی نەبهانی و عەبیر محەمەد جەختیان لە گرنگی بەشداری گەنجان کرد لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاشتی و بەربەستەکانی بەردەم کۆمەڵگاکەیان، پێیان وایە بە بەشداریکردن لەم وتووێژانەدا گەنجان دەتوانن زیاتر ڕۆڵی خۆیان بسەلمێنن و بەهەمان شێوە ژنان دەتوانن تواناکانیان دەربخەن و پەرەی پێبدەن بۆ بەدەستهێنانی ئایندەیەکی باشتر.