ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشوور: پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی پێشەنگانی سەدەی ٢١ی ئێمەن

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستانەوە داوا دەکەن ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، چونکە لە داهاتوودا مەترسی هەیە کە، هەمان سیاسەتی دژە ژن لە بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازادی باشووری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدییان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کرد و ڕایانگەیاند، " ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی دەنگی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەو چالاکوانانە بە پێشەنگانی خەباتی ژن لە سەدەی ٢١دا دادەنێین و پشتیوانی تێکۆشانی ژنانین لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت".

 

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە، ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد داوا لە ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازانی باشووری کوردستان دەکەن، کە ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و دژی ئەو سزایە بوەستنەوە، کە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سنوردار دەکات، و لە داهاتووشدا دەبێتە مەترسی بۆ ژنانی باشووری کوردستان، کە هەمان سیاسەتی دژە ژن لە بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

"پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی پێشەنگانی "سەدەی ٢١، کە بە سەدەی ژن ناسراوە

 

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرهەڵدانێکی مێژووی بوو کە هێزی تێکۆشانی ژنی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەوە بەرچاو. بە پێشەنگایەتی ژنان، ڕژێمی ئێران خرایە بەر دادگای گەل و لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران دەرهەق بە کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان کردی، لێپرسینەوەی لێکرا.

 

ڕژێمی ئێران کە بوونی خۆی لەسەر چەوساندنەوەی گەل و کوشتن و زیندانی و لەسێدارەدانی چالاکوانان، ژینگەپارێزان، ژنان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە جێگیر کردووە، بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پێگەکەی لەقی، ئیرادە و تێکۆشانی ژنان بووە مەترسی بۆ ڕژێم، لە بەرامبەر ئەو ئیرادەیەدا، ڕژێمی ئێران تاوانەکانی خۆی زیاد کرد و بە زیندانیکردنی ژنان و ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدان ویستی سەرهەڵدانی گەل و ژنان کپ بکاتەوە، دەیان گەنجی تێکۆشەر و ژنانی پێشەنگی کردە زیندان و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن، هێرشەکانیش بە تایبەت بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس بوو، کە بە پێی ئاماری ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین لەسێدارەدانی تیادا ئەنجام دراوە.

 

چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی، کە ڕۆژنامەنووسە، لە ٢٣ی تەمووز و شەریفە محەمەدی، لە ٤ی تەمووزدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، ئەم مەترسییە لەسەر وریشە مورادیی چالاکوانیش لە ئارادایە، کە تۆمەتی 'بەغی' بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی دەنگی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەو چالاکوانانە بە پێشەنگانی خەباتی ژن لە سەدەی ٢١دا دادەنێین و پشتیوانی تێکۆشانی ژنانین لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، لەو باوەڕەداین، ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی کورد، پێشەنگایەتی خەبات بۆ ئازادی دەکەن لە جیهاندا و چوار پارچەی کوردستانیان کردووەتە ناوەندێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هێرشە ڕەگەز پەرستییەکانی دژ بە ژنان کە لەلایەن دەوڵەتە فاشیست و دیکتاتۆر و ستەمکارەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

 

لەو سۆنگەیەوە، ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان، سەرکۆنەی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانانە دەکەین و داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازانی باشووری کوردستان دەکەین، کە ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و دژی ئەو سزایە بوەستنەوە کە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سنوردار دەکات و لە داهاتووشدا دەبێتە مەترسی بۆ ژنانی باشووری کوردستان، کە هەمان سیاسەتی دژە ژن لە بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت".

 

ناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان؛

  • سروە نێرگز - ڕاگەیاندنکار
  • سۆزیار عەلی - ڕاگەیاندنکار
  • ڕاز ئەحمەد - میدیاکار
  • بێریڤان شاهۆ - ڕۆژنامەنووس
  • هێلین ڕەشید- ڕۆژنامەنووس
  • هانا سامان- ڕاگەیاندنکار
  • بێگەرد خەلیفزادە
  • نەرمین حسێن ئەحمەد - ڕاگەیاندنکار
  • ژیان سان – ڕاگەیاندکار
  • هاوژین شوانە – ڕۆژنامەنووس
  • ئاڤان نادر – ڕاگەیاندکار
  • ڕۆژان ئەبوبکر – ڕاگەیاندکار
  • هاوار محەمەد – ڕۆژنامەنووس
  • بینایی عزەدین – ڕۆژنامەنووس
  • ژینا  - ڕۆژنامەنووس
  • بینایی ئیبراهیم – ڕۆژنامەنووس
  • شۆخان میرزا- ڕۆژنامەنووس
  • بەهرە عومەر- ڕۆژنامەنووس
  • شایی ئارام – رۆژنامەنووس
  • دێرین ڕەحیم – پەیامنێر
  • بێخاڵ قادر – ڕۆژنامەنووس
  • هێشوو شوانە – ڕۆژنامەنووس
  • تەوار پێنجوێنی - ڕۆژنامەنووس
  • شەن سدیق – میدیاکار
  • فەیروز محەمەد ئیسمائیل – ڕۆژنامەنووس
  • سنوور ڕەحمان – ڕۆژنامەنووس
  • ئاواز زەیود محەمەد – میدیاکار
  • ئاڤێستا لاولاو – ڕۆژنامەنووس
  • ساکار ئیسماعیل – ڕۆژنامەنووس
  • شنیار بایز – هەواڵساز
  • هێلین ئەحمەد – پەیامنێر
  • لاڤە کوردە - ڕۆژنامەنووس