بەهۆی ڕووماڵی داگیرکارییەکانی تورکیا پەدەکە تیمێکی ڕۆژنامەوانی دەستگیر کرد

بەهۆی ڕووماڵکردنی داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا لە ئامێدی، ئاسایشی پەدەکە تیمێکی ڕۆژنامەوانیی دەستگیر کردووە و سەنتەری میترۆ دەڵێت: حکومەتی هەرێم دەستی درێژە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵام کورتە بۆ بکوژ و گەندەڵکاران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی حوزەیرانەوە، سوپای داگیرکەریی تورک، تانک و زرێپۆش و چەکی قورس و سەربازی ڕاهێنراو، دەنێرێتە سنووری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک و لە ئاسمانیشەوە بەبەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی سنوورەکە دەکات و هەڕەشەی چۆڵکردنی گوندەکان دەکات و بازگەیان داناوە.

 

حکومەتی هەرێم و پەدەکە کە دەسەڵاتی سنوورەکەی بەدەستە بێدەنگەو ڕێگریی لە هەر ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتییەک دەکات کە ڕووماڵی داگیرکارییەکان بکات و لە دژی هەڵوێست دەرببڕێت.

 

دوێنێ ١٠ی تەمووز، تیمێکی ڕۆژنامەوانیی دەزگای میدیایی زووم، کە پێکهاتوون لە پەیامنێر هەژین فەتاح و کامێرامانەکەی و شۆفێرەکەیان، لە کاتی ڕووماڵکردنی داگیرکارییەکانی سوپای تورک لە شارۆچکەی ئامێدی لەلایەن پەدەکەوە  دەستگیر کراون.

 

لەمبارەیەوە، دەزگای میدیایی زووم ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووماڵکردنی داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا لە ئامێدی، ئاسایشی پەدەکە تیمێکی ڕۆژنامەوانیی کەناڵەکەیانی دەستگیر کردووە.

 

سەنتەری میترۆ-ش بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەستی درێژە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵام کورتە بۆ بکوژ و گەندەڵکاران.