دەوڵەتی تورکیا پێنج ناوچەی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد

دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا هێرش و لەشکرکێشییەکانی چڕ کردووەتەوە و هەر دوێنێ ٥ ناوچەی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە و لەشکرکێشی لە ناوچەی ئامێدی ئەنجامدا و لە گوندەکانی شارەدێی کانی ماسێی سەر بە پارێزگای دهۆک جێگیر بوون و بە دانانی بازگە و هەراسانکردنی گوندنشینان، دەیەوێت گوندەکانی ئەو سنورە چۆڵ بکرێن.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخراوی سی پی تی بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا، پێنج ناوچەیان لە باشووری کوردستان بۆردوومان کرد، ئەوانیش؛

 

-فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، یەک جار بۆردوومانی لۆفەکانی کورتەک و دوو جار بۆردوومانی گوندی سڵێیان لە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر کردووە، لە بۆردوومانەکەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی.

 

-ئێوارەی دوێنێ سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی شێخەڵمارێن و بناویان لە شارۆچکەی شارباژێر و گوندی ساڵیاوایان لە شارۆچکەی پێنجوێن کردووە و هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی ئەو بۆردوومانانە.

 

-هەر دوێنێ لە  کاتژمێر ٨:٣٥ خولەکی ئێوارەدا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سێ جار بۆردوومانی دەووروبەری گوندی زێوکەی لە شارۆچکەی پشدەر کردووە، بۆردوومانەکان بۆ سەر خڕێ شاخی، چیای جاسوسان و شاخی گەنم ئاوی بوون لە دەووروبەری گوندی زێوکە، دوو لە بۆردوومانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بوون و بۆردوومانەکەی تریش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی لە بۆردوومانەکانی سەر گوندی زێوکەدا.