دەستەی ژنان هەلی کار بۆ گەڕاوەکانی کامپەکان دەڕەخسێنن

دەستەی ژنان لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی ڕەققە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامانجی تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگە، کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی لە کامپەکانەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- دەستەی ژنان بە کردنەوەی چەندین پەروەردەی پیشەیی بۆ فێرکردنی بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتیکردنی پڕۆژە، بە بازاڕکردن و چۆنیەتی دانانی نرخی بەرهەمەکان، بەو ئامانجەی توانای ژنان کە لە کامپی هۆڵەوە دەگەڕێنەوە هەڵسەنگێنن و هەلی کار بۆ ژنان دەستەبەر بکەن.

 

دەستەی ژنان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن، بە هاوکاری لەگەڵ پرۆگرامی جیهانی ئەمریکی کە پاڵپشتی بژێوی ژیانیان دەکات، پڕۆژەیەکی ڕاهێنانی دوو بەشی بەڕێوەبرد، یەکەمیان دامەزراندنە و دووەمیان پشتگیریکردنی پڕۆژەی بچووکی جۆراوجۆرە، خستویانەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

سەبارەت بە بەرنامەی پڕۆژەکە، خیتام مستەفا، جێگری دەستەی ژنان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کانتۆنی ڕەققە، وتی: دەستمان کرد بە ئامادەکاری بۆ پڕۆژەی 'بژێوی ژیان' بەپێی پلانی کار، پڕۆژەکە لە دوو قۆناغدا دەستیپێدەکات، ڕاهێنانی جیاواز وەک دانیشتنێکی ڕاوێژکاری، دانیشتنێکی کارگێڕی لە پڕۆژە تایبەتەکاندا و دانیشتنێک بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی و شێواز لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە شوێنی کاردا ئەنجام دەدرێت، بەجۆرێک کە شارەزاییان بۆ دروستببێت و بتوانن بە شێوەیەکی دروست لەناو بوارەکانی کارکردندا بەشداری بکەن.

 

"ئامانجمانە ژنان پشت بە خۆیان ببەستن"

سەبارەت بە ئامانج و دەستپێکردنی پڕۆژەکەش ڕوونیکردەوە، ئەو شەڕانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، چەندین کاردانەوەی نەرێنییان بەجێهێشت، ژنان و منداڵان زەرەرمەندی سەرەکی بوون، هەندێکیان بژێوی ژیانیان لەدەستدا، بۆیە ئەوان هەوڵدەدەن پشتگیری ئەم توێژە لە ژنان بکەن، بە دابینکردنی هەلی کار بۆیان، بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و متمانەیان بە خۆیان و توانا کەسییەکانیان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

خیتام مستەفا وتی: ئێمە ژنانی ناو کۆمەڵگە و ئەوانەی لە کامپی هۆڵەوە گەڕاونەتەوە دەخەینە ناو ڕاهێنانەکانەوە، بە هاوکاری سەنتەری چاودێری کۆمەڵایەتی، هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ ببەنەوە، ئەم هەوڵانە دەدەن بەو ئامانجەی ئەو هزرەی لای ژنان لەناو کامپەکان چەسپاوە نەمێنێت و بگەڕێنەوە سەر ژیانی بنەڕەتی خۆیان.

 

"پێویستە ژنان وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانیاندا بکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، زۆر ژن هەن شارەزاییان لە زۆر پیشەدا هەیە، وەک دروستکردنی شیرەمەنی و پەنیر، کە لە داپیر و دایکیانەوە بۆیان ماوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی کاری تێدا ناکەن، دەستکەوتی مادییان نابێت، بۆیە بۆ چالاککردنی پیشەکەیان و کارکردن تیایدا، ئەوان پشتگیری ئابوورییان بۆ دابین دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی خۆیاندا بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە زۆر بوارە بازرگانی و پیشەسازیدا ڕێگری لە ژنان دەکرێت، چونکە پێیان وایە ئەو کارانە تەنها بۆ پیاوانە، بەڵام بە جێبەجێکردنی چەمکی خۆبەڕێوەبردن، بەشداری و پاڵنانی ژنان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی خۆیان لە هەموو کەرتەکانی پیشەسازی، بازرگانی، کارگێڕی و وەبەرهێنان گرنگە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا.

 

ئەرکی دامەزراندنیان لە کەرتە گشتییەکان لە ئەستۆ دەگرن

خیتام مستەفا باسی لەوەکرد، لە کۆتایی ڕاهێنانەکەدا بڕوانامەی ئەزموون دابەش دەکرێت، ئەرکی دامەزراندنیان لە کەرتە گشتییەکان لە ئەستۆ دەگرن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان کار بکەن، جگە لە کەرتە تایبەتەکانی کارگە و کۆمپانیا پیشەسازی و خۆراکییەکان، دەستەی ژنان و خاوەنکار ڕێکدەکەون لەسەر دابینکردنی کرێی یەکسان بۆ کرێکاران و دامەزراندنیان لەسەر گرێبەستی شەش مانگی.

 

"کاری ژنان هۆکارە بۆ پێشکەوتنت کۆمەڵگە"

مەنال ئەحمەد مستەفا خاوەنی پڕۆژەیە و وتی: پڕۆژە بچووکەکەمم بە فرۆشتنی جلوبەرگ لە ماڵەکەمدا دەستپێکرد، بەڵام فرۆشتنی لاوازە چونکە سەرمایەی پێویستم نییە، بۆیە پێویستم بە پاڵپشتی داراییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی توانای فراوانکردن و پەرەپێدانی پڕۆژەکەمم هەبێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، لەڕێگەی ئەم ڕاهێنانانەوە ژنان توانیان شارەزایی لە چەندین پیشەی جیاواز بەدەستبهێنن، توانیان پەرە بە خۆیان و لێهاتوویی کەسیی خۆیان بدەن، هەروەها ئەم ڕاهێنانانە هەلی کاریان بۆ زۆرێک لە ژنان دابین کرد، بەردەوامی ئەو پڕۆژانە کە پاڵپشتی ژنان دەکەن، چ لە ڕووی داراییەوە یان هزریەوە، یارمەتی ژنان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری بوارەکانی کار بکەن و جێپەنجەی خۆیان لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا ببینن.

 

"ڕاهێنانەکان گاریکەی ئەرێنیان لای ژنان دروست کردووە"

سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە بوارەکانی کاردا وتی: گۆڕانکاری ئاشکرا لە ژناندا دەبیندرێت بەر لە بەشداریکردن و دوای بەشداریکردن لە ڕاهێنانەکاندا، ڕاهێنانەکان بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ژنان متمانەیان بە خۆیان بێت، بە ئیرادەوە مامەڵە دەکەن و هەوڵ بۆ کارکردن دەدەن، ئەمەش وایان لێدەکات ڕووبەڕووی ئەو تێڕوانینە هەڵانەی کۆمەڵگە ببنەوە کە ژنان بە لاواز دەبینن.

 

بە پێویستی دەزانێت، ژنان لە شوێنی کاردا پڕ ئەزموون بن، ڕۆڵی خۆیان لە گۆڕەپانی کاردا بسەلمێنن، هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری خۆیان، بۆ ئەوەی بوار بۆ دەسەڵاتی پیاو نەمێنێتەوە کە دەسەڵات و باڵادەستی خۆی بەسەر ژناندا زاڵ بکات.