لە کامپی واشۆکانی ژنان لەسەر مێژووی خۆیان پەروەردە دەکرێن

بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژنان و ڕێکخستنیان، لیژنەی پەروەردەی کۆنگرە ستار لە کامپی واشۆکانی دەستیان بە پەروەردەی ژنان کرد.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لیژنەی پەروەردەی کۆنگرە ستار لە کامپی واشۆکانی بە بەشداری ١٥ ژن لە دامەزراوە و کۆمەڵگەکانی خۆبەڕێوەبەری، پەروەردەیەکی کراوەیان لە سەنتەری کۆنگرەی ستار دەستپێکرد.

 

پەروەردە ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت و لە کاتژمێر ٩ی بەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ کۆتایی دێت، ئەو بیرۆکانەی کە لە پەروەردەدا دەدرێن، تایبەتن بە گرنگی پەروەردە، مێژووی ژنان، شەڕی تایبەت، میتۆد، ڕەخنە، کولتوور و ئەخلاق، هاوژیانی، کۆمەڵگەی سروشتی و ڕەگەزپەرستی.

 

نور غازی عوسمان، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار دووپاتی کردەوە کە پەروەردە بۆ گەشەپێدانی مرۆڤ زۆر پێویستە و وتی: ئامانجمان لە کردنەوەی خولەکانی پەروەردە ئەوەیە کە بتوانین ژنان ڕێکبخەین و بە مێژووی خۆیان ئاشنایان بکەین و پەروەردەیان بکەین، چونکە ڕێکخستن لە ژنانەوە دەست پێدەکات، ئەگەر ژنان خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا کۆمەڵگەش ڕێکدەخەن، ژن بناغەی کۆمەڵگەیە، ئێمە دەمانەوێت بگەینە هەموو ژنێک و ببنە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئازاد لە ڕێگەی پەروەردەوە، شۆڕشی ئێمە شۆڕشێکی دەروونییە، ئەوانەی ئەم شۆڕشە دەبەنەوە ژنن، ئێمە قەرزاری بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانین کە دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ناو خۆیان و ڕزگارکردنی خۆیان و ناسینی مێژووی خۆیان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادیان بە ژنان دا.

 

"ئەگەر مرۆڤ تەمەنی سەد ساڵیش بێت پێویستی بە پەروەردە هەیە"

زبێدا ئۆسۆی تەمەن ٥٧ ساڵ، یەکێکە لە ژنە کۆچبەرەکانی کامپی واشۆکانی، وتی: لەسەر داوای خۆم بەشداریم لەم پەروەردەیەدا کردووە، هەرچەندە مرۆڤەکان پیربن و ئەزموونیان هەبێت، بەڵام هەمیشە پێویستییان بە پەروەردە هەیە، هەروەها لە ڕێگەی پەروەردەوە دەکرێت مرۆڤ بەرەوپێش بچێت، مرۆڤ ئەگەر تەمەنی ١٠٠ ساڵیش بێت، پێویستی بە پەروەردە هەیە، پەروەردە بۆ مرۆڤ وەک نان و ئاو وایە، لە ڕێگەی پەروەردەوە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلانمان ناسی، ئەمڕۆ ئەم فەلسەفەیە ڕێگەی دا ژمارەیەکی وا لە ژنان لە هەموو چین و توێژەکانی ژیانەوە کۆببنەوە و خۆیان ڕێکبخەن، بۆ بەهێزکردنی ئاستی هۆشیارییان، ئەگەر کەسێک بیەوێت دەوڵەمەند بێت بەشداری لە پەروەردەدا دەکات، مرۆڤ بەهۆی پەروەردەوە دەبێتە زانا، من بە پێویستی دەزانم هەموو ژنێک بەشداری لە پەروەردەدا بکات و خۆی پەروەردە بکات.