لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا هۆشداری لە بارەی هاوڵاتیان و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەدرێت

بەرگریی شارستانیی هەرێم کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات و تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم، هۆشداری دەدات کە نزیک نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان لەبارەى هاتنى وەرزى گەرما و ڕێگاکانى کەمکردنەوەى مەترسییەکانى ئاگرکەوتنەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە:

 

یەکەم- نابێت به هيچ شێوەیەك ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ ياخود له دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەر بدەن.

دووەم- نابێت له كاتى گەشت و سەيران ئاگر له دەشت و چيا و شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەى ئاگرەکە گەوره بێت يان پاشماوەى ئاگر بەجێ بھێڵین، چونكه بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاو ده‌بێتەوە.

سێیەم- فڕێنەدانی جگەره و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە.

 

چوارەم- بەكارنەھێنانی ياريی ئاگرین له كاتى سەيران، به‌تايبەتى لە لایەن منداڵانه‌وه‌.

پێنجەم- نيشانە دانەنان و تەقەنەكردن به چەكى ئاگرین، به تايبەت له دەشتەکان.

شەشەم- فڕێنەدانى بتڵی شووشه و دەبەى ئەو پاشماوه ياخود مادده سووتێنەرەكان، وەک گاز و بەنزين و نەوت و ئەو مادده جەلییانەی بۆ گەشانەوەى خەڵووز "ڕەژوو" به‌كاردێت.

 

 حەوتەم- شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات يان لەحيم و كۆسەرە بەكار بھێنێت، ياخود ئاگر بكاتەوە به مەبەستى خواردن دروست كردن.

هەشتەم- نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن يان ڕێگه‌ به منداڵەكانيان بدەن مەله بكەن.

نۆیەم- ئاگاداری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تايبەتن، يان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان.

دەیەم- گەشتيارى بيانى و خوارووی عێراق دەبێت ئاگاداری ئەو شوێنانە بن كه گەشتى بۆ دەكەن، يان سەردانى دەكەن، تاكوو تووشى ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانيش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانيان.