دەم پارتی: ئەم ڕێبازەی قەیومەکان ڕەتدەکەینەوە

دەم پارتی کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشی پۆلیس بۆ سەر شارەوانی جولەمێرگ نیشاندا و وتی: ئێمە ئەم ڕێبازەی قەیومەکان ڕەتدەکەینەوە، ئەم عەقڵیەتە هێرشکارەی قەیومەکان نەک تەنها بۆ جولەمێرگ، بەڵکو بۆ ئیرادەی تەواوی گەلی تورکیاش مەترسییە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو پۆلیسی تورکیا هێرشی کردە سەر شارەوانی جولەمێرگ و گەمارۆیاندا، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا دەستیان بەسەر شارەوانی جولەمێرگدا گرتووە و هاوسەرۆکی شارەوانییەکە محەمەد سدیق ئاکیش لە شاری وان دەستبەسەر کرا.

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی لە هەژماری دیجیتاڵی میدیای خۆیدا سەبارەت بە هێرشی پۆلیس لێدوانێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەموو ئەوانەی پشتیوانی دیموکراسی دەکەن، کرد کە هەڵوێستێکی ئاشکرا لە دژی ئەم هێرشە نیشان بدەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "حکومەت کە هەمیشە بە ئیرادەی گەل شکست دەهێنێت، پەنای بۆ توندوتیژی و کودەتا برد کە باشترین ڕێگەی خۆیەتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ، محەمەد سدیق ئاکیش لە شاری وان دەستبەسەرکرا و شارەوانیمان لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئێمە ئەم ڕێبازە ڕەتدەکەینەوە. لە ٣١ی ئاداردا گەلەکەمان لە ڕێگەی میتۆدی دیموکراسیەوە نیشانیدا کە دان بەم ڕێبازەی قەیومەکاندا نانێت، ئەم عەقڵیەتە هێرشکار و قەیومییە نەک تەنها بۆ جولەمێرگ، بەڵکو بۆ ئیرادەی تەواوی گەلی تورکیاش مەترسییە، گەلەکەمان لە بەرزترین ئاستدا کاردانەوە دیموکراسیەکانی خۆی نیشان دەدات. داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە پشتیوانی دیموکراسی دەکەن، هەڵوێستی ئاشکرا لە دژی ئەم کودەتایە نیشان بدەن.