لەیلا ئارزو ئیلهان: بە ڕۆحی ٨ی ئادار پێشوازی لە نەورۆز دەکەین

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" باسی لە گرنگی و مانای نەورۆز کرد و ڕایگەیاند کە ژنانی کورد بە پەرۆشی ٨ی ئادارەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەن.

بەرژین کارا

 

مەخموور- نەورۆز، کە هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئازاردا یاد دەکرێتەوە، نیشانەی بەرزبوونەوەی خەباتی دژی نادادپەروەری و دەسەڵاتە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە پەرۆشییەکی زۆرەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئاهەنگ گێڕان و پێشوازیکردن لێی.

 

لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی مەخموور لەبارەی گرنگی و مانای نەورۆزەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە بەرزکردنەوەی ئاگری نەورۆز دەسەڵات تێکدەشکێت و ئازادی مسۆگەر دەکرێت.

 

"نەورۆز ڕۆحی ڕاپەرینە لە دژی ستەم و داگیرکاری"

لە سەرەتای قسەکانیدا لەیلا ئارزو ئیلهان پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە کرد کە دژی دەسەڵات ڕاپەریون و وتی: نەورۆز هەڵوێستێکە بەرامبەر دەسەڵات، کۆیلایەتی و داگیرکردنی کۆمەڵگە و سروشت، نەورۆز وەک ئەفسانەو میتۆلۆژی بە هەڵوێست و خەباتی کاوەی ئاسنگەر لە کەسایەتی خەڵکی میدی لە دژی دڕندەیی ئاشوورییەکان دروست بوو ئاگری ڕاپەرین بەرز کرایەوە، دەبینین کە ئەم چەمک و بیرۆکەیەی نەورۆز تا ئەمڕۆش بەردەوامە، هەرچەندە هێزە دەسەڵاتدارەکان بەردەوام هەوڵیان داوە نەورۆز لە ناوەڕۆکەکەی لاببەن، بەڵام ئەوان تەنها وەک پێشوازییەکی جەژن و بەهار وەسفی دەکەن، بەڵام خودی نەورۆز ڕۆحی راپەرینە دژی ستەم و داگیرکاری. ئەمڕۆش گەلی کورد بە پەرۆشترین شێوە پێشوازی لە نەورۆز دەکات.

 

"نەورۆز بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی مانادارتر بووە"

لەیلا ئارزو ئیلهان ڕایگەیاند، نەورۆز ڕۆحی تێکۆشانە بۆ گەلی ئاری، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی مانادارتر بووەو وتی:هەروەک چۆن سروشت وەرزی سارد و زستان بە بەهار و ژیان نوێ دەکاتەوە، نەورۆز بۆ ئێمەش و بەتایبەتی گەلی ئارییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا دەژین، ئەوان خۆیان نوێکردەوە و تێکۆشانیان لە دژی دەسەڵات و نادادپەروەری بەرزکردەوە، ئەمڕۆ ئەم خەباتەی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی نەورۆزی زیاتر مانادار کردووە، بێگومان نەورۆز دوو هەزارو ٦٥٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، بەڵام دووەم ئاگری نەورۆز بە بەرخۆدان لە زیندانی ئامەد بوو کە مەزڵوم دۆغان جارێکی دیکە لەبەرامبەر سەرکوتکردن و لەناوبردن  ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دەوڵەتی تورک دیوت هێزی خەباتی گەلی کورد لە زیندانەکاندا دەشکێنین، مەزڵوم دۆغان، لە دژی ڕاپەری و وتی تۆ ناتوانیت ئیرادەی ئێمە بۆ تێکۆشان بە دڕندەیی و ئەشکەنجە بشکێنیت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەورۆز جارێکی دیکە مانادار بێت، لەگەڵ زەکیە ئەلکن، بێریڤان و ڕەوشەن، نەورۆز جارێکی دیکە مانایەکی هەبوو کە نەورۆز تەنها جەژنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نەورۆز هێمای گەلە کە دژی ستەم تێدەکۆشن.

 

"بە ئاگری نەورۆز ئازادی مسۆگەر دەکەین"

لەیلا ئارزو ئیلهان ڕایگەیاند، ژنانی کورد بە پەرۆشی ٨ی ئادارەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەن و وتی: لەم ڕووەوە وەک ژنانی کامپ، بە پەرۆشی ٨ی ئادارەوە، تووڕەیی خۆمان بەرامبەر پیلانگێڕییە نێودەوڵەتی لە تاریکی شوباتدا بەسەرماندا هات بە ئاگری نەورۆز لە پەرەپێدەدەین، ئازادی بە ئاگری نەورۆز مسۆگەر دەکەین، چونکه دەزانین نەورۆز ڕاپەرینەو و ئاگری ئازادییە، بە گەشکردنی ئاگری ئازادی پێشوازی لە نەورۆزەکەمان دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا ئارزو ئیلهان جارێکی دیکە پیرۆزبایی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان کرد.