باران بارین کاریگەری زیاتر لە ٦ هەزار خێزانی ئاوارە لە یەمەن کردووە

باران بارین لە شاری مەئاریب لە یەمەن کاریگەری لەسەر هەزاران خێزانی ئاوارە کردووە لە کامپەکاندا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەپەلە داوای یارمەتی مرۆیی بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکەی جێبەجێکاری بەڕێوەبردنی کامپەکانی ئاوارەکان لە شاری مەئاریب لە یەمەن ئاشکرایکرد، نزیکەی  ٦ هەزارو ٤٩٥ خێزانی ئاوارە بەهۆی بارانبارینەوە لە شارەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن یەکەی جێبەجێکاری بەڕێوەبردنی کەمپەکانی ئاوارەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو خێزانانە نیشان دەدات کە لە ٢٠٤ کامپ و شوێنی ئاوارەبوون لە شاری مەئاریب زیانیان بەرکەوتووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ٢٥٣ خێزانی ئاوارە بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە، چونکە بەهۆی بارانەوە ماڵ و خۆراک و پێداویستییە تایبەتییەکانیان لەدەستداوە، نزیکەی ٦ هەزارو ٢٠٠ خێزانیش بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە.

 

یەکەی جێبەجێکار داوای دابینکردنی یارمەتی مرۆیی بەپەلەی کرد بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، لەوانە دابینکردنی خۆراک و پەناگە جلوبەرگ، جگە لە پاراستنی پاکوخاوێنی.

 

جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هەڵگرتنی ستراتیژێکی گشتی بۆ پاراستنی کامپەکان و شوێنەکانی ئاوارەبوون لە کارەسات و باری لەناکاو، لەوانە لافاو و ئاگرکەوتنەوە، هەروەها داوا لە هاوبەشە مرۆییەکان کرا بە خێرایی دەستوەردان بکەن و پێداویستییە لەناکاوەکان بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان دابین بکەن.