"ژنە بەتەمەنەكان پێویستیان بە پشووە نەك گۆرەوی فرۆشتن"

هانا شوان، چالاکوان، لەبارەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، باس لە ژنانی دەستگێڕ دەکات، کە لە شەقامەکاندا کەلوپەل دەفرۆشن و دەڵێت: ژنە بەتەمەنەكان پێویستیان بە پشووە نەك گۆرەوی فرۆشتن.

ناوەندی هەواڵ

 

٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانە، لە جیهاندا ساڵانە بە چالاکی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و بانگەشەی باشتر کرد دۆخی ژن و کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ژنان دەکرێت، دروشمی ئەمساڵی ٨ی ئادار لە چوارچێوەی بەشداری ژنان بۆ وەبەرهێناندا دیاریکراوە، بەڵام دۆخی ژنان تا دێت قورستر دەبێت.

 

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی قەیران و خراپی باری ئابوورییەوە ژنان ناچارن ڕوو لە بازاڕەکانی کار بکەن، ئەم دۆخە بۆ ژنانی بەتەمەن قورسترە و لە شەقامەکان شار و ناوبازاڕەکاندا بە گەرما و سەرما ناچارن کەلوپەل بفرۆشن تا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

هانا شوان لە بارەیەوە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی باس لە دۆخی ژنانی بەتەمەن دەکات و دەڵێت: "ژنە بەتەمەنەكان پێویستیان بە پشووە نەك گۆرەوی فرۆشتن"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە ٨ی ئاداردا حکومەت بانگەشەی باشترکردنی دۆخی ژنان دەکات، بەڵام تا دێت قەیرانی ئابووری کاریگەری زیاتر لەسەر ژنانی تەمەن جیاواز دەکات.

 

دەقی نووسراوەکەی هانا شوان؛

"لە پەراوێزی هەشتی مارسدا

ژنە بەتەمەنەكان پێویستیان بە پشووە نەك گۆرەوی فرۆشتن

سالانێكە ئەو بیمەیەی بۆ ژنانی بە تەمەن و كەمدەرامەت هەبوو بردراوە، هەربۆیە بە گوزەرێكی خێرا بە ناو بازاری سلێمانی چەندین ژنی بەتەمەن دەبینیت گۆرەوی یان عەلاگە دەفرۆشن، یان لە دوكانی وشكە فرۆشەكاندا كار دەكەن، ئەگەریش زۆرینەیان ناچار بە كار كردن نەبن، ئەوا ناچارن لە شوێنێك بمێننەوە و دەرمان بكڕن.

لەوانەشە بەو پارە كەمە لە منەتی دەوروبەریان رزگاریان ببێت و زۆر جاریش بەو بیمە كەمەی لە ١٥٠ هەزار دینار تێپەری نەدەكرد هاوكاری كەسانی تریان دەكرد.

 

دەردەكەوێت كە لە بڕینی ئەو پارەیە ژنان زەرەرمەندی یەكەمن، هەربۆیە دەكرێت یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارە كەمە بێت، كە ناوێكی ناشیرینی هەیە و پێی دەوترێت (بێوەژنانە)".