پاشماوەی جەنگ لە ماوەی دوو مانگدا ١٨ کەسی لە سودان کوشتووە

کلیمنتاین نکویتا سەلامی، ڕێکخەری نیشتەجێی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٨ کەس بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە لە سودان گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگ ڕۆژانە دەیان کەس لە سەرانسەری جیهاندا گیان لەدەست دەدەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی شەڕی وەک سودان کە سەدان زیانی لێکەوتووەتەوە.

 

کلیمنتاین نکویتا سەلامی، ڕێکخەری نیشتەجێی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سودان ڕۆژی ٢٨ی شوبات وتی: لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا، سودان بە لایەنی کەمەوە سێ ڕووداوی بە مین یان پاشماوەی تەقەمەنی جەنگەوە بینیووە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٨ کەس کە لەناویاندا منداڵ هەن.

 

پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ناکۆکییەکانی سودان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ ەوە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٤ هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی ٨.١ ملیۆن کەس.

 

ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییەکانیان نوێکردەوە سەبارەت بە جدییەتی بارودۆخی مرۆیی لە سودان، کە بە یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان دادەنرێت تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە ٢٥ ملیۆن کەس لە سودان لە لێواری برسێتیدان و پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.