چارەنووسی نادیار ڕووبەڕووی دانیشتووانی غەززە دەبێتەوە

بەهۆی نەبوونی یارمەتی و پێداویستییەکانی ژیان لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، خەڵکی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ پێنجەم مانگی لەسەر یەک هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، هێرشەکان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٢٨هەزار هاوڵاتی مەدەنی و گەورەترین ژمارەی زیانبەرکەوتووانی جەنگە لە مێژووی نوێدا.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی هەینی ١٦ی شوبات ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٨ هەزارو ٧٥٥  کەس و زیاتر لە ٦٨ هەزار کەسیش برینداربوون، لەناویاندا ٨ هەزار منداڵ و ٦ هەزارو ٢٠٠ ژن هەن، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوای ئەنجامدانی ١٠ کۆمەڵکوژی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢٢ کەس و برینداربوونی ١٥٧ کەس.

 

ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەرکەتووان هێشتا لەژێر وێرانەو داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە، هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری دەکەن لە گەیشتن بە تیمەکانی فریاکەوتن.

 

بۆ ١٣٤ەمین ڕۆژیشەڕی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل و سەپاندنی گەمارۆیەکی توند ئاوارەبوونی بەردەوام کردووە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەناو کەرتەکە بەتایبەتی بۆ شاری سنووری ڕەفەح کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارەی تێدابوو کە لە بۆردومانەکە هەڵهاتن و لە چادر و پەناگەکاندا دەژیان، لە کەرتی غەززە وێرانکاری و ئاوارەبوون بە شێوەیەکی بەربڵاو بە ڕێژەی٩٠%یە.

 

هیچ شوێنێکی پارێزراو لە غەززە نییە

نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ١٦ی شوبات جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شوێنێکی پارێزراو لە کەرتی غەززەدا نییە و پێویستە خەڵکی مەدەنی بپارێزرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەڕی بەردەوام زیاتر لە ٧٠% ژێرخانی مەدەنی و ٨٤%ی دامەزراوە تەندروستییەکانی وێرانکرد، کە بە سەختی زیانیان بەرکەوت و جەنگەکە وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە و کارەساتێکی مرۆیی بێوێنەی لە هەموو ئەو ناوچانەدا ڕوویدا کە هێزەکانی ئیسرائیل لێی کشانەوە.

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "کەمال عەدوان" ڕایگەیاند، ژمارەیەک منداڵ لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بەدخۆراکی و نەبوونی خۆراک و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەهۆی شەڕی بەردەوام و گەمارۆ سەپێندراوەکانەوە بووە هۆی نەمانی هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە ئەو منداڵانە بوون کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە تووشی وشکبوونەوەیەکی سەخت بوون، هەروەها بڵاوبوونەوەی هەوکردن لەسەر ئاستی کۆئەندامی هەرس و ڕیخۆڵە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بیرە و ژێرخانەکانیان بۆردومان کرد، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە بەشەکانی چاودێری و باخچەی ساوایان تێکەڵ کردووە.

 

داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد یارمەتی بدەن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، چونکە ئەگەر دابین نەکرێت، ئەوا منداڵی زیاتر ڕووبەڕووی گیان لەدەستدان دەبنەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر ١٠ منداڵێکی خوار تەمەن ٥ ساڵ یەکێکیان بە توندی تووشی بەدخۆراکی بووە.