کەمپەینی "مەڕۆ، چاکی کە" بۆ برەودان بە گەنجان ڕاگەیەندرا
کەمپەینی "مەڕۆ، چاکی کە" بە دروشمی "با دایکوتین" ئامانجی هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە کۆچی نایاسایی و ڕێگەی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات و برەودانە بە گەنجان.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- دوێنێ، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی راپەڕین، کەمپەینی "مەڕۆ، چاکی کە" کە ئامانج لێی پشتیوانی کردنی گەنجانی ڕانیە و هەرێمی ڕاپەڕینە بە دروشمی "با دایکوتین" و بە هاوکاری ڕێکخراوی سپارکی نێودەوڵەتی و بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین ڕاگەیەندرا و لە بەشێکی چالاکییەکانیاندا کاری دەستی ژنانی گەنج و گەنجان نمایشکرا.
پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتارێکی پێشکەشکرد و باسی توندوتیژیەکانی سەر ژنانی گەنج و گەنجانی کرد کە لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها هۆنیا محەمەد لە سیمینارێکدا ئامانج و گرنگی کەمپەینەکەی ناساند، کە دەیانەوێت زیاتر برەو بە توانای گەنجان بدەن و ڕێگری لە کۆچی گەنجان بکەن.
هێلین محەمەد، ئەندامی کەمپەینی "مەڕۆ، چاکی کە" بۆ نوژنها دوا وتی: بە بۆچوونی من دۆخی گەنجان لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەپێی داتان لە مەترسیدایە، ساڵانە دەبینین گەنجان ڕێگەی کۆچی نایاسایی دەگرنەبەر و ئێمەش کارەکانمان لەسەر کۆچی نایاسایی گەنجانە، ئامانجمان لەم پڕۆژەیە کەم کردنەوەی کۆچی نایاساییە لە ڕێگەی ئەو دوو دروشمەوە، ئەویش بەو چالاکی و کارانەی کە بەڕێوەی دەبەین، هەروەها ئێمە گەنجان هۆشیار دەکەینەوە و چەندین خولی پیشەیشمان هەیە کە گەنجان دەتوانن تواناکانی خۆیانی تێدا زیاتر بکەن.
هێلین محەمەد دەربارەی دروشمەکەیان وتی: کە دەڵێن لێرە دایکوتین بۆ دوو ئامانج دەگەڕێتەوە، هەم ئەوەی لە شارەکەی خۆمان دایکوتین و کۆچ نەکەین، هەم ئەوەی کە هەموو کارێک بە دەست و بازوو دەکرێت و کاری پیشەیی بکەین، پێمان وایە ئەم کەمپەینە دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش کۆچی نایاسایی کەم بکاتەوە و گرینگی بە کاری پیشەیی گەنجان بدات.
نەهاوەند ڕەسوڵ، ئەندامێکی کەمپەینەکەیە و وتی: بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ تۆڕی گۆڕانکاری بەیەکەوە کەمپەینی "مەڕۆ، چاکی کە" ڕێکدەخەین، دەرفەتەکان و ڕێگاکان زۆرن بۆ گەنجان بۆ ئەوەی خۆیان بنیاد بنێن، هەریەک بە شێوازێک دەتوانێت خۆی بنیاد بنێت، بەڵام گرینگترینیان ئەوەیە کە لە وڵاتی خۆت بمێنیتەوە و خزمەت بە خۆت و هاونیشتمانیانت بکەیت و کاری پیشەی هەڵبژێریت، کە دەبێتە ڕێگایەک بۆ سەرکەوتن، من پەیامم بۆ هەموو گەنجێک ئەوەیە کە بێ هیوا نەبن و کار لە سەر توانا و شارەزایەکانیان بکەن و ژیانێک بۆ خۆیان بنیاد بنێن بە مانەوە لێرە و هەڵبژاردنی کاری پیشەیی بۆ خۆیان.