کۆڤانی ڕزگار کراو: هیوام ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ئێزدییە

کۆڤان ئیدۆ خۆرتۆی ئێزیدی کە لەلایەن یەپەژەوە لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لە کامپی هۆل ڕزگار کرا، بەسەرهاتی خۆی لە دوای ڕفاندنی لەلایەن چەتەکانی داعش باس کرد و وتی: هیوای من ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ئێزیدییە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، لە فەرمانی ٧٤دا چەتەکانی داعش هەزاران ژنی ئێزیدییان ڕفاند، یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەستیان بە تێکۆشان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی، ژنێکی ئێزیدی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی کۆڤان ئیدۆ خۆرتۆ لەگەڵ دوو منداڵەکەی ڕزگارکرا لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کە لە ٢٧ی کانوونی دووەم دەستیپێکردووە.

 

کۆڤان ئیدۆ خۆرتۆ، خەڵکی گوندی هەردان لە شەنگال، لەبارەی ئەزموونەکەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

لە فەرمانی ٧٤ ڕفێندرا

کۆڤان ئیدۆ خۆرتۆ، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی فەرمانی ٧٤ەمی شەنگال بووەوە، وردەکارییەکانی ئەو ڕۆژەی بەبیرهێنایەوەو وتی: کاتژمێر ١٧:٠٠ داعش تەواوی ناوچەکەی گرتبووە دەست، لەو کاتەدا ئێمە لە گوندەکەمان هەڵهاتین بۆ ئەوەی چەتەکانی داعش هێرش نەکەنە سەرمان، لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا و بە هیوای ئەوەی بتوانین خۆمان ڕزگار بکەین، چەتەکان ئێمەیان دەستگیرکرد، ئێمەیان برد و لە ناوچەیەکی فراواندا دایانناین، دواتر چووین بۆ خوێندگەیەک لەسەر سنووری عێراق و سووریا، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لەگەڵ خێزانەکانمان ماینەوە، پاشان لە خێزانەکانمان جیا کراینەوە، هەموو کچەکان دابەش بوون بەسەر بەشەکاندا و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نەناسراو، بەڵام من ڕفێندرام بۆ موسڵ، چەتەکان لە خوشکەکانم جیایان کردمەوە، نەک تەنها من، بەڵکو هەزاران ژنی ئێزیدی ڕفێندران.

 

هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە

کۆڤان ئیدۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە دەستدرێژی بکرێتەسەرو وتی: دوای موسڵ، بردیانین بۆ تەلەعفەر، لەوێ لەلایەن چەتەوە کڕدرام، لەبەر ئەوەی ئەمەم قبوڵ نەکرد و بێدەنگ نەبووم لە هەر نادادپەروەرییەک کە بەسەرمدا سەپێنرا، هەڕەشەی کوشتنم لێکرا، دواتر بە چەتەیەکی دیکەیان فرۆشتم و والی بەغدا ئەبو جەعفەر منی لە چەتەکانی دیکە داواکرد و دواتر هەراسانی کردم، لەبەر ئەوەی ڕەتم کردەوە ئەشکەنجە درام و هەڕەشەی کوشتنی لێکردم، هەموو ئەو شتانەی روویدا ناچارکرام نەک بە خواستی خۆم بێت، دوای ئەوەی ئەبو جەعفەر کوژرا، چەتەکان منیان دا بە چەتەیەکی دیکە ئەم چەتەیە بۆ ماوەی سێ ساڵە لە کامپی هۆل بۆ تورکیا پەڕیوەتەوە.

 

"لەبیری ناکەم"

کۆڤان ئیدۆ لە باغۆزەوە چووەتە کامپی هۆل وتیشی: ژنانی داعش بە وشە سووکایەتییان پێکردم چونکە ئێزیدی بووم و زۆر ستەمیان لێکردم، بەڵام ئەوە لەبیر ناکەم، ئایا ئەمە کارێکی زۆر ئاسانە؟ من چەندین ساڵە لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونیدا بووم، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە کامپی هۆل بووم، لە ترسی ئەوەی ڕاستی بە خێزانەکەم بڵێم و ئەوان جارێکی تر گەڕانەوەم قبوڵ نەکەن بۆیە خۆم نەناساند، چونکە ئەو ژنەی کە موسڵمان نەبوو دەیانکوشت و ئێمەی ئێزیدیمان وەک بێباوەڕ دەبینی، هەموو شتێک بە ناچاری بوو، نازانم ڕەوشی خێزانەکەم چۆنەو هیچ زانیارییەک دەربارەیان نازانم.

 

"هیوادارم هەموو ژنە ئێزیدییە ونبووەکان ڕزگار بکرێن"

کۆڤان ئیدۆ لەبارەی هەستی ساتی ڕزگارکردنەکەوە وتی: هەستی دڵخۆشی بۆ ڕزگارکردنەکە بە وتن دەرنابڕدرێت، هیوادارم جارێکی دیکە خێزانەکەم ببینمەوە و بزانم کە ئەوان تا ئێستا دەژین، سوپاسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان دەکەم کە جارێکی دیکە منیان گەڕاندەوە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، هیوایەکم هەبوو کە ڕۆژێک دێت ئەوان دێن بۆ ئەوەی ڕزگارم بکەن لەو دڕندەییەی کە لە کامپی هۆلی تێیدا دەژیام، هیوادارم هەموو ژنانی ئێزدی ئازاد بکرێن و جارێکی دیکە بە ناسنامە و ئایینی خۆیان وەک ئێزدی بژین.