چاوەڕوانی دەوڵەت نین تەنها مافی خۆیان دەوێت

زیانلێکەوتووانی عەلەوی لە ئەنتاکیا ئاماژەیان بەوەکرد، لەلایەن دەوڵەتەوە جیاکاری بەرامبەریان کراوە و بە تەنها جێهێڵدراون، هیچ چاوەڕوانییەکیان لە دەوڵەت نییە، تەنها ئەوەیە کە دەیانەوێت کێشەکانی نیشتەجێبوون چارەسەر بکرێن کە مافی خۆیانە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئەنتاکیا- دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، زیانلیکەوتووانی بوومەلەرەکە لە ئەنتاکیا هێشتا لە تەندروستی و ئاوی پاک و نیشتەجێبوونی مافەکانیان بێبەش کراون، ئیلکای ئاسلان، یەکێک لە یەکێک لەو زیانلێکەوتووانە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ناسنامەی عەلەوییەوە، لە ئاوی پاک و نیشتەجێبوون بێبەش کراون.

 

"تەنها گوێمان لە دەنگی چۆلەکەکانە"

ئیلکای ئاسلان، کە لەگەڵ دایکی لەکابینەدا دەژی، ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکانیان بۆ ماوەی ساڵێک دوای بوومەلەرزەکە چارەسەر نەکراوە و وتی: بە تەنها جێهێڵدراین و لەبیرکراوین، هیچ شتێک لە شاردا ڕووی نەداوە، تەنها گوێمان لە دەنگی چۆلەکەکان و لابردنی داروپەردووی وێرانەکان دەبێت، هیچ شتێک نییە جگە لە دەنگی تەقینەوەکان، کاتێک داروپەردووەکان دەکەونە سەر زەوی، خاکەکە و ژێرخانەکە زیانیان پێدەگات.

 

وتیشی: بارودۆخەکە بەهۆی وەرزی زستانەوە سەختتر بووە، لە کابینەدا ئاو نییە، گەڕەکەکان کارەبایان نییە، هەموو کەسێک تووشی کێشەی گەورە دەبێت، هەموو وێرانەکانمان بەجێهێشت، بەڵام جارێکی دیکە لە هەمان وێرانەدا دەژین.

 

"نامانەوێت زستانێکی دیکە لە دەرەوەی بەسەربەرین"

ئیلکای ئەسلان ڕایگەیاند، نایانەوێت زستانێکی دیکە لە دەرەوەی بەسەر بەرن، تەنها داواکارییان چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونەو وتی: یارمەتی خەڵکمان دا لە پرۆسەی بوومەلەرزەکەدا، تیمەکانی خۆبەخش تەرمەکانیان دەرکرد لە کاتی بوومەلەرزەکەدا، چەند مانگێک بەدوای چادردا گەڕاین بەڵام دەستمان نەکەوت، نایلۆنمان داناو لەوێ نیشتەجێ بووین. لەوێ ٣٠ کەس بووین، پاشان بەنگلادیش چادری پێداین، وڵاتەکەمان چادری نەدا، لە وڵاتێکی دیکەوە دەستمان کەوت، ئێستا لەگەڵ دایکمان لە کابینەدا دەژین، بەڵام زۆر ساردە،  دەمانەوێت لە ماڵەوە بژین، بەم شێوەیە هەوڵ دەدەین بژین، هیچ ماڵێک نییە، ئاو نییە، کارەبا نییە.

 

"چەندین ساڵە عەلەوییەکان دەچەوسێننەوە"

ئیلکای ئەسلان لەکۆتایی قسەکانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی عەلەوی لە ناوچەکە، ئەوان بە تەنها لەلایەن دەوڵەتەوە جێهێدڵراون و وتی: "بەدەر لە یارمەتی خەڵکی خۆبەخش، هیچ یارمەتییەکمان لە کەس نەبینی، لێرە هیچ شتێکمان ناوێت، تەنها دەمانەوێت کێشەکەمان چارەسەر بکرێت، ئەم خەڵکە چەند زستانێک لە دەرەوە بەسەر دەبەن، ئەم شوێنە بۆ ماوەی ١٠  ساڵی دیکە دروست ناکرێتەوە، ژیان لێرە ئاسایی نییە و چەندین ساڵە بەم شێوەیە کار لەسەر عەلەوی دەکەن.