لە ئەمریکا بەهۆی سەرما و لافاوەوە ٨٩ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفربارین و لافاو بەلایەنی كەمەوە ٨٩ كەس لە ئەمریكا گیانیان لەدەستداوە، بەشێكی زۆری هۆكارەكانی گواستنەوەش لە كاركەوتوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی باران و بەفربارین ئەمریکای گرتووەتەوە کە بووەتە هۆی لافاو و سەرما لە وڵاتەکەدا، بەو هۆیەوە بەلایەنی كەمەوە ٨٩ كەس لە ئەمریكا گیانیان لەدەستداوە، نزیكەی ٢٥ كەس لە ویلایەتی تینیسی و ١٦ كەسیش لەویلایەتی‌ ئۆریگۆن گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەش كراوە، چەند گیان لەدەستدانێک، لە ویلایەتەكانی ئیلینوی، پێنسلڤانیا، میسیسبی، واشنتن، كنتاكی، ویسكونسن، نیویۆرك و نیوجێرسی تۆماركراوە.

 

هەروهەا بەهۆی ئەو شەپۆلە سەختەی بەفربارین و سەرمایەوە، لە ویلایەتی ئۆریگۆن باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە، بووەتە هۆی بڕینی كارەبای ٤٥ هەزار كەس، هۆكارەكانی گواستنەوە لە تەواوی ناوچە جیاوازەكان ڕاگیراون و پرد و پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی شەمەندەفەر و بارهەڵگرەكان داخراون.