داعش لە حەمما ماڵێکی ئاگر تێبەردا و منداڵێکیشی کوشت
لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر گوندی ڕەسم ئەل بەتنەی سەر بە شارۆچکەی سەهن لە حەمما، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدایە، منداڵێک کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی ڕەسم ئەل بەتنەی سەر بە شارۆچکەی سەهن لە حەمما، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دایە و ٦ خانوویان سووتاند و ٢ ئۆتۆمبێل و تراکتۆری پڕ لە مەڕیان دزی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ مەڕیش کوژران.
لە کاتی ئاگر بەردانە یەکێک لە ماڵەکان منداڵێک کوژرا.
"لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی داعش زیادی کردووە"
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا ٥٩ کەس لە ئەنجامی ٢٢ هێرشی چەتەکانی داعش لە بیابانی سووریا کوژراون، لەو ژمارەیەش ٢ کەسیان مەدەنین و ٥٢ کەسیان سەربازی حکومەتی دیمەشقن و ٥ کەسیش چەتەی داعشن، زۆربەی هێرشەکانیش لە بیابانەکانی حەمس و دێرەزوور ئەنجام دراون.