خوێندکارێکی کچ لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە لێی دەدرێت

دوێنێ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری کەرکوک خوێندکارێکی کچ لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگەکەیەوە ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی بووەتەوە، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەدواداهات و وەزارەتی پەروەردەی هێنایە دەنگ.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دواناوەندی ڕوئیای کچان لە گەڕەکی نەدای شاری کەرکوک، خوێندکارێکی کچ دوای ئەوەی لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە بێ ڕێزی پێدەكرێت، ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی کردن دەبێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەر و چەند مامۆستایەكی خوێندنگەکەوە.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، خوێندکارەکە، کە خوێن بە جلەکانییەوەیە، دەردەکەوێت و باس لە ڕووداوەكە دەكاتم کە چۆن لێیدراوە و هێرشكراوەتە سەری.

 

ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە بەدوایدا هات، کە وەزارەتی پەروەردەی ناچار کرد، بێتە دەنگ و بەڕێوەبەرەکەش لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.

 

دوێنێ، ١٤ی کانوونی دووەم، ئیبراهیم نامیس الجبوری، وەزیری پەروەردە، ئاڕاستەی پێکهێنانی لیژنەیەکی کرد بۆ پشتڕاستکردنەوەی وردەکارییەکانی لێدانی ئەو خوێندکارە کچە لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگەکەیەوە.