یەژەشە بە پەیامێک سڵاوی لە کۆنفرانسی زاپاتیستەکان کرد

یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە بە پەیامێک پیرۆزبایی سی ساڵەی ڕاپەڕینی زاپاتیستانیان کرد.

شەنگال

 

بە بۆنەی ٣٠یەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی زاپاتیستەکان کۆنفرانسی گشتی لە شاری چیاپاس بەڕێوەچوو، کە یەکێکە لە هەژارترین ناوچەکانی مەکسیک و ٣٠ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ڕەسەنی چیاپاس دژی دەوڵەت سەریان هەڵدا و هێزی سەربازی خۆیان دروستکرد و ژنانیش لەو هێزەدا بەشداریان کرد.

 

سەرهەڵدانی گەل لە دژی کاریگەری سەرمایەداری لەسەر خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و داگیرکردنی خاکی خەڵکی ڕەسەن بوو لەلایەن حکومەتی مەکسیکەوە، لە ٣٠یەمین ساڵیادیدا کۆنفرانسی گشتیان، لەلایەن ڕێکخستن و هێزی ڕزگاری نیشتمانی زاپاتیستا- EZLN بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەچوو و تیایدا ٢٠ وڵات بەشداربوون و خواستی دامەزراندنی سیستمێکی ڕێکخراوەیی خرایەڕو،

 

یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە بە پەیامێک سڵاوی لە یادی ٣٠ ساڵەی سەرهەڵدانی زاپاتیستەکان کرد و ڕایگەیاند، "وەک بەرگریکارانی شەنگال کۆبوونەوەکەتان زۆر گرنگ و مانادار دەبینین، ئەو کەسانەی خەبات بۆ بوون و ئازادی خۆیان دەکەن، جێگەی شانازین".

 

پەیامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە؛

"سەرەتا سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ ئێوەی خۆشەویست پێشکەش دەکەین، هەموو ئەو کەسانە بە بیردەهێنینەوە کە لە سەرهەڵدانی زاپاتیستەکاندا لە پێناو هەبووندا گیانیان بەخت کرد و شەهید بوون.

 

وەک بەرگریکارانی شەنگال کۆبوونەوەکەتان گرنگ و مانادار دەبینین، ئەو گەلەی خەبات بۆ بوون و ئازادی خۆیان بکە، بە شانازی دەبینین، بۆ خەباتێکی سەرکەوتوو، شتێکی سەرەکی ئەوەیە خۆت ڕێکبخەیت و خۆت بپارێزیت، ئێمە دەزانین کە گەل و ژنانی زاپاتیستەکان ٤٠ ساڵ لەمەوبەر هێزی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەریان بنیادناوە، هەروەها ٣٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوی زاپاتیستیشیان بنیادنا، ئێمە ئەم یادە مێژووییانەمان لەبیرە و سڵاو لە گەلی زاپاتیستەکان دەکەین".

 

"ژنان هەمیشە ئامانجن"

لە درێژەی پەیامەکەیدا یەژەشە تیشکی خستە سەر بەئامانجکردنی ژنان و ڕایگەیاند، "ژن هەمیشە دەبێتە ئامانجی هێرشەکان، ئێمەی ژنانی ئێزدی ئەمەمان بینی. لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، دەیانویست پێکهاتەی ئێزدی لە کەسایەتی ژنی ئێزدیدا بکوژن، بە فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئابی ٢٠١٤ هەزاران ژن و پیاوی ئێزدی کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش، تا ئەمڕۆش چارەنووسی هەزاران ژن و خەڵکی ئێزدی نادیارە، لە سەردەمی فەرمانەکەدا گەل و ژنانی ئێزدی هێز و ئیرادە و ڕێکخستنیان نەبوو بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام دوای ئەو فەرمانە ژنان و پێکهاتەی ئێزدی خۆیان ڕێکخست و هێزی بەرگری یەژەشە-یەبەشەیان پێکهێنا".

 

هزری ڕێبەر ئاپۆ چارەسەرە

یەژەشە لە پەیامەکەیدا سەبارەت بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەی خستەڕوو، کە "ژن و کۆمەڵگەی ئێزدی خۆیان ڕێکخست و لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هێزی بەرگری خۆیان پێکهێنا، ئێمە وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی ڕزگاری خۆمان لەم بیرۆکە و فەلسەفەی ئازادیدا بینی و کردمانە بنەمای ڕێکخستنەکەمان. ئێستاش لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێکخراوەکەمان دژی داگیرکاری، هێرش، تاڵانکردنی سروشت، توندوتیژیی دەوڵەت و پیاوان بەهێزتر دەکەین و با پێکەوەش خەباتی هاوبەش بۆ ژیان بە دادپەروەری، پاراستنی سروشت، پاراستنی مافی خەڵک و ژنان ئەنجام بدەین و بەهێزتر بکەین.

 

"هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین"

لە کۆتایی پەیامەکەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشەدا هاتووە، دڵنیاین بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە پیاوسالاری دێت و ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی بەدی دێت، جارێکی تر سڵاو و پیرۆزبایی لە کۆنفرانسەکەتان دەکەین، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.