لە ئەفغانستان بارودۆخی مرۆیی ژنانی وەک سەرۆکی خێزان زیاد کردووە

بەپێی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە لەمساڵدا، ئەمەش ژمارەی ئەو ژنانە زیاد دەکات کە سەرۆکی خێزانەکانن.

ناوەندی هەواڵ

 

سنووردارکردنی ژنان لە لایەن تاڵیبان کە لە خوێندن و دامەزراندن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشبوون، ژمارەی ژنانی سەرۆکی خێزانەکانی زیاد کردووە.

 

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بە ناوی بەرنامەی پێداویستییە مرۆییەکان و وەڵامدانەوەی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" ئاماژە بەوەکراوە، ٢٣.٧ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە لەمساڵدا.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پشتبەستن بە ستراتیژیەتی بژێوی لەناکاو، هاوسەرگیری منداڵان، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و زیادبوونی کارکردنی منداڵ زیادی کردووە.

 

هەروەها ئەو قەیرانانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دووبارەبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان و هەژاری و سنووردارکردنەکانی تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراون کە بوونەتە هۆی بێبەشکردنیان لە خوێندن و کار و چالاکی کۆمەڵایەتی، ئازارەکانیان زیاتر کردووە،زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەفغانستان لە هەژاریدا دەژین، سەرەڕای ئەوەی سەقامگیری ئابووری لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئاستێکی نزمدا بوو، بەڵام نزیکەی ٦٥% هێشتا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن.

 

جێی ئاماژەیە لەم دواییانەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەفغانستانی خستە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە ملیۆنان دانیشتوانیان ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە ٢٥٨ ملیۆن کەس لە ٥٣ وڵات بە ئەفغانستانیشەوە ئاسایشی خۆراکیان نییە.