بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە پێنج هاوڵاتی بەلووچ کوژران و بریندار بوون

بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەر ماڵێک لە گوندی بەهەشت ئاباد سەر بە شاری بامپور، ٣ ژنی بەلووچ بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای هێرش و تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر خانوویەک لە گوندی بەهەشت ئاباد لە شاری بامپور لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، پیاوێکی تەمەن ٣٧ ساڵ بە ناوی "ئەکرەم زەینەڵدین گیانی لەدەستدا و چوار هاوڵاتیی دیکەش بریندار بوونم کە سێیان ژنن، بە ناوەکانی رازیە نارویی ١٨ ساڵ، ئامینە زەینەڵدینی ٣٢ ساڵ، خەیرگوڵ زەینەڵدینی ٧٨ ساڵ و ئەبوبەکر زەینەڵدینی تەمەنیان کەوتووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەتەواوی ئەم خانووەیان گەمارۆداوە، دواتر بە چەکی قورس وەکو ئارپیجی تەقەیان لێکردووە و دانیشتووانی ئەو ماڵەیان کردووەتە ئامانج کە زۆربەیان ژن بوون.

 

ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەکرەم زەینەڵدینی ئەندامی گروپە ناڕازییەکان بووە، به بێ ئاماژه کردنیش بە دانیشتووانەکەی دیکه هەواڵەکەیان لەو چوارچێوەیەدا بڵاو کردەوە.

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەکرەم زەینەڵدینی ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی دۆسیەیەکی ئەمنیەوە داواکراوە، بە پێچەوانەی بانگەشەی ئاژانسەکانی هەواڵی ڕژێمی ئیسلامی، کە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر ئەم خانووە دەهێنێتەوە کە ژن و منداڵی تێدابووە و بە درۆ ناسنامەی ناوبراوی خستووەتەڕوو، بەوەی، پەیوەندی بە یەکێک لەو گروپە یاخیبووانەوە هەیە کە مانگی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر بارەگای هێزی پۆلیسی ڕاسک، لە کاتێکدا ئەم کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە گروپەکەوە نەبووە.