"کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بە هۆکاری نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستی ئەنجام دراون"

جەیلان ئاکچا، پەرلەمانتار ئاماژەی بەوەدا یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس کە ١١ ساڵی تێپەڕاند لەبەر هۆکاری نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی ئەنجامدرا و وتی: ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەردەوامن لە خەبات.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، ژنانی سیاسەتمەداری کورد لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکران، ١١ ساڵ بەسەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێزەکانی پشت کۆمەڵکوژییەکە هێشتا لە تاریکیدان، تێکۆشانی ژنان بەردەوامە لە دەرخستنی ئەو هێزانەی کە لە پشت کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە ژنانی کوردن.

 

جەیلان ئاکچا، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی "دەم" گوگەرچین ئاراس، ئەندامی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" هەڵسەنگاندنیان بۆ بەئامانجکردنی ژنانی سیاسەتمەداری کورد کرد.

 

جەیلان ئاکچا ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری کۆمەڵکوژییەکانی پاریس نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستییە و ئەو دەوڵەتانەی لەسەر ڕەنجی وڵاتانی دیکە دەژین، ترسیان لە ئیرادەی ژنان هەیە و لەبەر ئەوەیە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، وتیشی: ئەو ژنانەی کە کولتوور و زمان و تەواوی مێژوویان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە، بوونەتە جێی ترس بۆ ئەو دەوڵەتانەی ڕەنجخۆرن، ئەمە بۆ سێڤی، پاکیزە و فاتمەش، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا کۆمەڵکوژکران، ڕاستە، ئەم سیستمە کە جەستەی ژنان و ئیرادەی ژنان دەکاتە ئامانج، چەندین ساڵە سیاسەتی کۆمەڵکوژی جێبەجێ دەکات و تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل و هەڤرین خەڵەفیش لە هەمان چوارچێوەدایە.

 

"بکەری هێرشەکان تەنها تورکیا نییە"

جەیلان ئاکچا ڕایگەیاند، ئەوە ڕێکەوت نییە کە ژنان بە هێرش دەکرێنە ئامانج، دەوڵەت بەو ڕێگایانە هەوڵدەدات بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت، ئەو هێرشانەی دەکرێن تەنها دەوڵەتی تورک نییە و وڵاتانی ئەوروپاش دەرفەت بە کۆمەڵکوژییەکان دەدەن، فەڕەنسا هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٣دا جێبەجێ نەکردووە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و بازرگانی چەک بەردەوام بوو، تورکیا بەردەوامە لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بە چەک کە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە پێی دەدرێت، بۆیە بکەرەکانی ئەم هێرشانە تەنها تورکیا نین، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپاشن کە دەڵێن ئێمە پشتیوانی لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەین.

 

"ژنانی کورد لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگن"

جەیلان ئاکچه ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی کورد هێزی گۆڕانن و پیشەنگی بزووتنەوەی ژنانن لە سەرانسەری جیهاندا بۆیە دەسەڵاتداران ئەمە بە مەترسی دەبینن، بۆ ئاستەنگکردنی ئەم خەبات و هۆشیارییە، هێرشەکان بەبێ جیاوازی بۆسەر هەموو بوارەکان ئەنجام دەدرێن.

 

جەیلان ئاکچا وتەیەکی ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و ئەکادیمیست، کە لە سلێمانی تیرۆر کرا، بەبیرهێنایەوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی "لە ڕاستیدا، یادکردنەوەی ئەم مێژووە و داهاتوو و یادکردنەوەی ئەو بنیادنەرانەی کە ژنانی کوردیان بنیاد نا، جۆرێکە لە خۆپاراستن"، وتیشی: تێکۆشان بۆ بوون زۆر گرنگە لە پرۆسەیەکدا کە دەوڵەت هەوڵدەدات لەناومان ببات، بۆ نموونە ناگیهان ئەم کارەی لە بواری نووسین کردو سێڤی و پاکیز و فاتمە لە سیاسەتدا کردیان، ساکینەو فیدان و لەیلا بە گشتی لقەکانی درەختیان کۆکردەوە، ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەبات و تێکۆشان دەکەن، ئەمڕۆ لەهەموو بوارەکانی تێکۆشانی جیهاندا پیشەنگن، تەنها شتێک کە دەیکەین تێکۆشانە، هەمیشە تێدەکۆشین و لێرەین.

 

"دەستبەرداری ئەو دۆزانە نین"

گوگەرچین ئاراس، ئەندامی دەپەبە ڕایگەیاند ، ئەمساڵ جارێکی دیکە لە مەیدانەکان دەبن بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم، هێرشەکەی سەر ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز هێرشێکی پلان بۆ دانراوە بۆ سەر ئاشتی و وتی: ژنانی کورد کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە تێدەکۆشن بۆ چارەسەری پرسی کورد، بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو کرانە ئامانج، وەک ژنان دەزانین کە کوشتنە پلان بۆ دانراوەکان دەتوانن ڕێگا خۆش بکەن بۆ چارەسەرێکی دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد، دەبێت باش بزاندرێت کۆڵ نادەین هەتا کوشتنەکان ڕوون نەکرێنەوەو بکەران بەرپارسیار دەکرێن، وەک ژنان هەموو ڕێگاکان تاقی دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستی، لە کەسایەتی ئەو ژنانەی کە کۆمەڵکوژکران، بەڵێن دەدەین کە دەتوانین هەموو بەربەستەکان لاببەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا گوگەرچین ئاراس ئاماژەی بەوەکرد، خەباتی خۆیان زیاد دەکەن هەتا ئاشتییەکی شکۆمەندانە لە خاکەکەدا بەدەست بهێندرێت و وتی: ئەمساڵ لە ٩ی کانوونی دووەمدا لە مەیدانەکان دەبین بۆ ئەوەی داوای لێپرسینەوە لە بکوژرانی ئەو ژنانە بکەین کە کۆمەڵکوژ کران.