کەشناسی سلێمانی: پلەی گەرمی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ١.٧ پلە بەرزتر تۆمار كراوە
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ڕایگەیاند، پلەی گەرمی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ١.٧ پلە بەرزتر تۆمار كراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی داتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣ و بەراوردكاريی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بڵاوكردەوە.
بە گوێرەی داتاكەی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لە وێستگەی كەشناسی سلێمانی، ٢٠.٣ پلەی سەدی تۆمار كراوە و نزمترین پلەی گەرمیش ٤.١ پلەی سەدی بووە.
ڕاشیگەیاندووە، تێكڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ١٠.٧ پلەی سەدی بووە كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی ٣٠ ساڵی ڕابردوو ١.٧ پلە بەرزتر بووە.
سەبارەت بە بارانبارینیش بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، كۆی گشتی بارانبارین هەر لەو مانگەدا ٥٩.١ملم تۆماركراوە، كەمترە لە تێكڕای بارانبارین لە ٢٠ ساڵی ڕابردووی مانگی کانوونی یەکەم كە ٩٦.٨ ملیمەترە.