بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٣٠ کەس لە ژاپۆن گیانی لەدەستداوە

دەسەڵاتدارانی ژاپۆن هۆشدارییان دا لە شەپۆلەکانی تسونامی کە ئەگەری هەیە وڵاتەکە بگرێتەوە، ئەمەش دوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٥ پلەی ڕێختەر و ١٥٥ بوومەلەرزەی بچوکی دیکە، داواشیان لە خەڵک کرد بەرەو شوێنە بەرزەکان کۆچ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە ژاپۆن ٢٩ بوومەلەرزە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لە سنوورەکانی ئیشیکاوا و نیگاتا لە ماوەی دوو کاتژمێردا تۆمار کرا، بەهێزترین بوومەلەرزە ٧.٦ پلەی ڕێختەر بووە و ناوەندی بومەلەرزەکەش لە نزیک ڕووی زەوی ڕوویداوە، بەهێزی ئەو بوومەلەرزانەی کە وڵاتەکەی گرتەوە لە نێوان ٤.٥ بۆ ٧.٥ پلەیە و بەهۆیەوە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک ئاماری سەرەتایی هەژمار کراوە.

 

میدیاکانی ژاپۆن ئەمڕۆ هۆشدارییان دا لە شەپۆلەکانی تسونامی کە بەرزییەکەی دەگاتە پێنج مەتر، بە درێژایی تەواوی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ژاپۆن لە دوورگەی هۆکایدۆی باکوورەوە تا کیوشو لە باشوور ڕوودەدات، لە کاتێکدا ئەگەری هەیە شەپۆلی توندی تسونامی لە پارێزگای ئیشیکاوا ڕووبدات و ناوەندی بوومەلەرزەکە بێت.

 

دەسەڵاتداران داوایان لە خەڵک کردووە بە زووترین کات کۆچ بکەن بۆ شوێنە بەرزەکان یان بۆ سەربانی باڵەخانەکان، چونکە شەپۆلەکان کە بەرزییەکەی دەگەشتە ١.٢ مەتر بەندەری واجیمای سەر بە پارێزگای ئیشیکاوایان گرتەوە، بەپێی دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکا و دەزگاکانی دیکە بوومەلەرزەیەکی بەهێزیان بە گوڕی ٧.٥ پلەی ڕێختەر تۆمار کردوە، ئەمەش دوای هۆشدارییەکانی تسونامی.

 

بوومەلەرزەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە نزیکەی ٣٣ هەزار و ٥٠٠ ماڵ لە ناوچەکانی دەوروبەری ناوەندی بوومەلەرزەکان، هاوکات دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە تا ئێستا هیچ تێکچوونێک لە وێستگە ئەتۆمییەکاندا تۆمار نەکراوە دوای زنجیرە بوومەلەرزەیەک کە وڵاتەکەی هەژاندووە، هەروەها ژمارەی بوومەلەرزەکان کە ٢٤ کاتژمێر لەمەوبەر وڵاتەکەی گرتەوە گەیشتە ١٥٥ پاشبوومەلەرزە.