لایەنە سیاسییەکان داوای هەڵوێست دژی هێرشەکانی تورکیا دەکەن

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هەڵوێستی پەیەدە و بەشێك لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خرایەڕوو.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی پەیەدە و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان-خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکرایەوە.

 

بەختیار مستەفا، ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی لایەنەکانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی فاشی و دڕندەی تورکیا دژایەتی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەکات و بە هەر شێوازێك بێت، هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا لە کاتێکدایە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک دەستوور ڕاگەیەندرا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەم هەنگاوە خۆی لە قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی وڵاتەکەی بدزێتەوە و قەیرانەکانیان بۆ دەرەوەی سنوری وڵات بگوێزنەوە.

 

ئەو لایەنانەی هەڵوێستی خۆیان خستووەتەڕوو، بریتین لە، "حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی چەپی کورد لە سووریا، پارتی نەتەوەیی کوردستان، پارتی سەوزی کوردستان، پارتی نەتەوەیی کوردستان، هاوپەیمانی نیشتمانی، پەیەدە، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمیتەی شەهیدانی باشووری کوردستان، پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی.

 

بەختیار مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، کە لە هێرشەکانی پاش ٢٣ی کانوونی دووەمەوە ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسی دیکە بریندار بوون، ڕایگەیاند، "ئێمە وەک لایەنە بەشداربووەکان ئیدانەی توندی ئەم کارە ترسنۆکانە و نامرۆڤی و نادیموکراسییانە دەکەین و داوای یەکڕیزی لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و شەقامی کوردی دەکەین، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتان دەکەین کە چیتر بێدەنگ نەبن".

 

لایەنە سیاسییەکان چەند خاڵێکیان وەک داواکاری خستەڕوو؛

-دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

-ڕێگری لە هێرش و بۆردوومانی کوێرانەی زەمینی و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

-چاودێری و لێپێچینەوە بکرێت لە بە ئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان و ئەو جێگایانەی کە ناوچەی ئابووری و ژیانی هاوڵاتیانی پێوە بەندە.