قەیرانی سودان خراپتر دەبێت و بارودۆخی کارەساتبار ڕووبەڕووی دانیشتووان دەبێتەوە

شەڕی ٨ مانگی سودان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، بەتایبەتی دوای تێکچوونی سیستمی تەندروستی و نەشتەرگەرییە بەپەلەکان نەبوونی دەرمان و خزمەتگوزارییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی شەڕی ٨ مانگی سودان کە لە نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا قەیرانی مرۆیی خراپتر کردووە، دوای ئەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی وێران کردووە و هەزاران کەسی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە ئاوارە کردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سودان لە شاری پۆرتسودان ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی سیستمی تەندروستی تێکچووە و نەشتەرگەرییە بەپەلەکان دەستیان پێ نەکراوە، دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی ڕزگارکەری ژیان لەگەڵ نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان کە بە ئامانج کراون بەردەست نین، هەروەها ئاسایش نییە و بەربەستی بیرۆکراسی کە گەیشتنی مرۆیی و گواستنەوەی پێداویستییەکان لە زۆربەی شوێنەکانی سودان سنووردار دەکات، بوونی هەیە.

 

هۆشداریی لەوەشدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان لە ماوەی مانگێکدا، دوای بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ٣ بۆ ٩ هەرێمی نوێ، لەوانە شارە گەورەکان و ناوچەکانی ململانێ، زیاتر لە ٥ هەزار و ٤٠٠ حاڵەتی گومانلێکراو و پشتڕاستکراوە هەبووە و ١٧٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوونەتە هۆی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا، نزیکەی ٦.٧ ملیۆن کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتی لە ناوەوە و دەرەوەی سودان، ئەمەش لاوازییەکانیان بۆ نەخۆشی و بەدخۆراکی و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز و کێشەی تەندروستی دەروونی زیاد کردووە.

 

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە بارودۆخی دارفۆر، کە تیایدا ئاستێکی بەرزی توندوتیژی و نەبوونی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بەردەوامن لە ناچارکردنی خەڵک بۆ ڕاکردن بۆ شوێنێکی دیکە یان بۆ چادی دراوسێ.