دانیشتووانی شەهبا دژی گەمارۆدانی ناوچەکەیان ڕیپێوانیان ئەنجامدا

ئاوارەکانی عەفرین و خەڵکی شەهبا لەدژی گەمارۆی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر شەهبا، ڕێپێوانیان ئەنجامدا و داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەیان کرد.

شەهبا

 

ماوەی ١٥ ڕۆژە بەهۆی گەمارۆدانی کانتۆنی شەهبا لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە، کێشەی کەمیی سووتەمەنیی و کارەبا لەو ناوچەیە سەریهەڵداوە، بەوهۆیەشەوە خەڵکی شەهبا و ئاوارەکانی عەفرین لە دژی گەمارۆدانی ناوچەکە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

 

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی ئیحداسەوە تا بازگەی حکومەتی دیمەشق لە ناوچەکە بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی "گەمارۆدانی ناوچەکە شەرمەزار بکەن"، "گەمارۆ ڕێگاکانی ژیان دەوەستێنێت و ئازارەکان زیاتر دەکات" بەرزکرابوونەوە

 

"ئەو گەمارۆیە ژیانی شەهبا ڕاگرتووە"

پاشان مستەفا حەسەن، بەناوی کۆچبەرانی عەفرین و خەڵکی شەهباوە وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، لە ماوەی ئەم ساڵانەی کۆچکردن، حکومەتی دیمەشق و هاوبەشەکانی ڕێگای ناوچەکەیان گرتووە و ئاستەنگیان دروستکردووە، لەبری ئەوەی یارمەتی خەڵک بدات و ڕێگە نەدات خاکەکانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیربکرێن، حکومەتی دیمەشق دەرفەت دەدات بە داگیرکەران کە زیاتر خاکی سوریا داگیربکەن

 

داواشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، گەمارۆی سەر ناوچەکە هەڵبگرن چونکە دۆخی خەڵک بەرەو مەترسی دەبات و خەڵک بەهۆی بێ خزمەتگوزارییەوە ناوچەکە بەجێدەهێڵن