ئیتاب حەسەن: ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان وەڵامی داواکارییەکانی ژنان نادەنەوە

ئیتاب حەسەن، ئەندامی فەرمانگەی خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی تل تەمر، ڕایگەیاند، هەزاران کەس کە بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون ڕوو لە تل تەمر بکەن، پێویستیان بە پشتیوانی هەیە و ڕێکخراوە مرۆییەکانیش وەڵامی داواکارییەکانی ژنان نادەنەوە.

سورگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- دەوڵەتی تورکیا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨دا عەفرینی داگیر کرد و دواتریش هێرشەکانی بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر سەریکانی و بۆ سەر شارۆچکەی تل تەمر و زرگان، هەروەها پلانەکانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە جێبەجێ دەکات، لە ئێستاشدا ٢ هەزار و ٤٩٠ خێزان، واتە ١٣ هەزار و ٦٠٤ کەس کە بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارە بوون، لە ٢٣ قوتابخانە و گوندەکانی تل تەمر دەژین.

 

"کۆچبەران پێویستیان بە یارمەتی هەیە"

ئیتاب حەسەن، ئەندامی فەرمانگەی خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی تل تەمر، باسی لە هاوکارییە مرۆییەکانی ناحیەی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە لە ناوچەی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: زۆربەی ئاوارەکان لە ناوچە گوندنشینەکان و قوتابخانە پەروەردەییەکان و ناوچە جیاوازەکانی شارۆچکەکاندا نیشتەجێ بوون، زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، بەتایبەت ئەم کۆچبەرانە پێویستیان بە یارمەتی هەیە و زۆر کەم تەنها چەند ڕێکخراوێکی مرۆیی هەن کە لێرە خزمەت بە کۆچبەران بکەن، دوو ڕێکخراوی حکومیش هەر دوو مانگ جارێک یارمەتی دەدەن و خۆراکیش نییە.

 

"تەنها ٥ ڕێکخراو پشتگیری دەکەن"

ئیتاب حەسەن ڕایگەیاند، ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بە بیانووی ناوچەی "هێڵی ئاگ" نایەتە شارۆچکەی تل تەمر و هاوکاری کۆچبەران ناکەن، دەشڵیت: ئێستا تەنها دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەن کە پڕۆژەکانی دامەزراندنەوەی قوتابخانەی کۆچبەران جێبەجێ دەکەن و نوێکردنەوەی ئاوەڕۆکان بەڕێوەدەبەن، هەروەها هەوڵدان بۆ منداڵانی بەدخۆراکیش هەیە. تەنها ٥ ڕێکخراو هاوکاری خۆراک و پاڵپشتی دەروونی و خزمەتگوزاری تەندروستی و هاوکاری بۆ کەمئەندامان پێشکەش دەکەن، ڕێکخراوێکیش هەیە دۆخی مرۆیی کۆچبەران و هەموو کۆمەڵگا هەڵدەسەنگێنێت.

 

"وەڵامی داواکاری ژنان نەدرایەوە"

ئیتاب حەسەن، بەتایبەتی تیشکی خستە سەر دۆخی ژنانی کۆچبەر و وتی: زۆربەی ژنان کاریگەری کۆچبەرییان لەسەرە، بەو پێیەی سەرچاوەی داهاتیان نییە، داوای دامەزراندنی پڕۆژەی پیشەیییان کرد، ئێمەش بەدیمان هێنا، بەڵام داواکارییەکانی دیکە کە ژنان بۆ ڕێکخراوە فریاگوزارییە مرۆییەکانیان ڕاگەیاندووە، تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە، ئێمە چەندین پڕۆژەی تایبەتمان بۆ ژنان پێشکەش بە ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ئێستاش لە چاوەڕوانیی وەڵامداین.

 

"هەوڵەکانمان بۆ هاوکاریکردنی هەموو کۆچبەران بەردەوام دەبێت"

ئیتاب حەسەن ڕایگەیاند کە ژمارەی کۆچبەران لە تل تەمر و ناوچە گوندنشینەکانی زۆرە و وتی: پێویستە ڕێکخراوە مرۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەستیاریی خۆیان بۆ ئەمە نیشان بدەن، یارمەتییە خۆراکیەکانی تل تەمر بۆ خۆی بەس نییە، پێویستە پڕۆژە بۆ ژنان دابڕێژرێت، هەروەها شوێنی تل تەمر لە هێڵی ئاگردا وەک بیانوویەک نیشان دەدرێت، پێویستە بێن و بە چاوی خۆیان ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبنەوە ببینن، لە ئەنجامدا ئەوان ڕێکخراوی مرۆیین، ئێمەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی گەیشتن بە هەموو کۆچبەران.