ژنێک لە لەیلانی کەرکوک کوژرا

لە شارەدێی لەیلانی پارێزگای کەرکوک، ژنێک بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا، پۆلیسی کەرکوک بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردووە، بکوژەکان ناسراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١١ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردبوو، لە نزیک گوندی ساڵەیی لە شارەدێی لەیلان، ژنێک کە لەگەڵ براکەیدا بووە، بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژنەکە تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلیی شاری کەرکوکە، ساڵێک لەمەوبەریش ھاوژینەکەی کوژراوە.

 

سەرچاوەکەی پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەوانەی ئەو ژنەیان کوشتووە، دوو کەسی خزمی ژنەکەن و بە دەمانچە و کڵاشینکۆف تەقەیان لێکردووە، بکوژەکان ناسراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.