کۆچبەرانی جەنگ لەناو ڕەگەزپەرستیدا ژیان دەگوزەرێنن

شەفیقە بەدلی، ژنێکی ئەفغانی کە لە وڵاتەکەی ئاوارە بووە، باسی لەوەکرد، کە لە ئێران تووشی لێدان و سوکایەتی و هەڵاواردن دەبنەوە.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١دا، بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، دوای ئەو کۆنترۆڵکردنە کۆمەڵگەی ئەفغانستان داڕما و ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کران، لەوانەش پەروەردە و چاودێری تەندروستی و بژێوی ژیان، ناڕەزایەتی خەڵکیش بە توندوتیژی بەرەوڕوو بووەوە، لەم ماوەیەدا بارودۆخی ئەو وڵاتە خراپتر بوو و قەیرانی ئابووری دۆخی خەڵکی قورستر کرد، جگە لە هۆکارە ژینگەییەکانی وەک وشکەساڵی، بۆیە ​​ئەفغانستان بە یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان لە قەلەمدرا و خەڵکەکەشی ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئێران و پاکستان.

 

بەپێی ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی چوار ملیۆن و نیو پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەژین، ڕێگریکردن لە بوونی کۆچبەران لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بووەتە هۆی چڕبوونەوەی کۆچبەران لە ناوچە هەژارنشینەکان و جەرگەی شارە گەورەکانی وەک تاران، ئیسفەهان، مەشهەد و ..هتد.

 

شەفیقە بەدلی، ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵەی ئەفغانی، لەگەڵ خێزانەکەی و کچەکەی و بووکەکەی و دوو نەوەکەی کە تەمەنیان چوار و پێنج ساڵە، بەهۆی ئەو دۆخەی کە تووشی بوون، چوونەتە ئێران و نەوە چوار ساڵانەکەشی تووشی ڕووداوێکی ماتۆڕسکیل بوو و بڕبڕەی پشت و قاچی شکاوە.

 

شەفیقە بەدلی، کە لە گۆڕەپانی شوش لە تارانی پایتەخت دەژی، دەڵێت: کاتێک تاڵیبان هات، دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵک، بەتایبەتی ژنان، هاوژینەکەم پێشتر کوژراوە و کوڕەکەشم لە هێرشی ئەمجارەی تاڵیباندا کوژرا، بۆیە ناچار بووین پەنا بۆ ئێران ببەین، ئێستا من لە میترۆیەکدا کەلوپەل دەفرۆشم و لەلایەن کۆمەڵگەوە هەراسان دەکرێم، هەندێک کەس پێم دەڵێن بچۆرەوە وڵاتەکەت و لەوێ کار بکە، دۆخەکە لە ئێران خراپە، کاتێک دەمەوێت جل و بەرگ لە میترۆدا بفرۆشم، پرسیاری کارتی کار و ژیانم لێدەکەن، بەڵام من کارتم نییە، بۆیە جلوبەرگم لێناکڕن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژێک، نەوە پێنج ساڵانەکەی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ میترۆ، ئەویش لە تەنیشت ژنێکی ئێرانی دانیشت و ئەم ژنە دەستی کرد بە لێدانی، شەفیقە بەدلی پێی گوت، وا مەکە، منداڵت نییە؟، بەڵام ژنەکە دەستی کرد بە لێدانم و جلەکانی فڕێدایە سەر زەوییەکە، وتیشی: ئێمە ژیانێکی زۆر سەخت دەژین، هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بچین.