سەرەڕای هێرشەکان ژنان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن
لە ناوچەی تل تەمر لە حەسەکە، کە ڕووبەڕووی هێرشی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، ژنان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ئامادەن و کۆنگرەی ستار ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند هۆشیاری بڵاودەکاتەوە.
سۆرگوڵ شێخۆ
حەسەکە- کۆنگرەی ستار هەموو ساڵێک بەرنامەی خۆی بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕادەگەیەنێت، کە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، ئەمساڵیش بەرنامەی هەڵمەتەکەی لە ١٣ی تشرینی دووەم لە ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە لە جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەگەیەنێت، مادلین عوبێد، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار هەڵسەنگاندنی بەرنامەکەی کرد کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بە هاوکاری چەندین ڕێکخراو و حیزب و کۆمیتەی ژنان جێبەجێ دەکرێت، جێی ئاماژەیە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەموو کاتێکدا، کۆنگرەی ستار ئەمساڵ پێشوەخت بەگوێرەی باری ئەمنی دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی دەکات.
"لە هەر شوێنێک هێرش هەبێت توندوتیژی لەسەر ژنان هەیە"
مادلین عوبێد ئاماژەی بەوەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە قووڵترین شێوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە و وتی: هێرشەکان دژی ناوچەکە ڕاستەوخۆ کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج، لەوانە ژنان و منداڵان، بەڵام زۆربەی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان یان لە ناوچەکانماندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هێرش و شەڕی دەروونییەوە، ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە لەم هێرشانەدا، لە کۆمەڵکوژییەوە بۆ هەراسانکردن و لێدان و توندوتیژی زارەکی، ژنان لە ناوەڕاستی هێرش و بۆردوماندا لە ڕووی دەروونییەوە لە شەڕدا دەژین، بەهۆی جەنگەوە لە هەر بەشێکی جیهاندا، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە.
"هێرشەکان بەدەستی پیاوان دەکرێت"
مادلین عوبێد باسی لەوە کرد کە هێرش و بەکارهێنانی چەک دژی ژنان و قڕکردنیان بە هۆشیاری پیاوان و دەستی پیاوان دەکرێت و وتی: بیری ئەم شەڕ و هێرشانەی دژی کۆمەڵگە و ژنان دەکرێت هەموویان پیاون، ئەو چەکانەی لە دژمان بەکاردەهێنرێن پیاوان درووستیان کردوون، ژنان بنەمای کۆمەڵگەکانن، هێرشەکانی ئێستا دەیانەوێت بناغەیەکی تەندروست تێکبشکێنن و لە جیاتی ئەوە دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و یەکسانی و دادپەروەری ئێستا لەناو ببەن.
"ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە"
دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان نەک تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە. ئەمە دیاردەیەکە کە هەواڵی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نابڕدرێن، وتیشی: هەروەها چەندین ساڵ پلان و بەرنامەمان هەیە دژی ئەم دیاردەیە بەگوێرەی بارودۆخی ناوچەکەمان، لەو بارودۆخ و پڕۆسەیەی کە تێیدا تێدەپەڕین، هەوڵ دەدەین ڕاپەرینیک دژی توندوتیژی دروست بکەین، یان ڕێنیسانسی گشتی ژنان، لە ٢٥ی تشرینی دووەم لەگەڵ ژنان کۆدەبینەوە و سیمینارو کۆبوونەوە لە ناوچەکە و گوندەکان و ڕێکخراوەکان و تەنانەت هێڵەکانی بەرکەوتن ئەنجام دەدەین، لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە دەمانەوێت ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەین لەسەر مافەکانیان و توندوتیژییەکانیان.
"ژنان لە هێڵی بەرکەوتن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"
هەروەها تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە و وتی: بەگوێرەی بارودۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی ڕووبەڕووی ناوچەکەمان دەبنەوە، بەرنامەکانمان کاریگەر دەبن، ژنان لە هێڵی بەرکەوتن ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە بە ئەرکی خۆمان دەبینین کە لەگەڵ ئەو ژنانەدا بوەستین، بۆ ئەوەی بەهێزیان بکەین، هەوڵ بدەین هۆشیاریان بکەینەوە و توندوتیژی لە دژیان کەم بکەینەوە.
"بە وەستاندنی جەنگ توندوتیژی دژ بە ژنان کەم دەبێتەوە"
مادلین عوبێد لە کۆتاییدا ئەوەیخستەڕوو وەک ڕێکخراوێکی ژنان، ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی ئاشتییە و بۆ ئەوەی ژنان لە ژیانێکی سەلامەت و پارێزراودا بژین، دەمانەوێت بگەینە ئەو جیهانەی کە دەکرێت ئەم جەنگە بوەستێندرێت، ئەگەر جەنگ و خوێنڕشتن بوەستێت، ژنان بە ئاشتی و ژیانێکی سەلامەت دەژین، بە ڕاگرتنی جەنگ و گۆڕینی هۆشیاری پیاوان، لانیکەم دەتوانین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان کەم بکەینەوە.