هەڵەبجە، مامۆستایان بەشداری خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان کرد

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ڕانیە، گەرمیان و هەڵەبجە و شار و شارۆچکەکان، خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان بەڕێوەچوو، جەختیان لەسەر داواکارییەکانیان کردەوە کە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پێدانی مووچەکانیانە.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ڕانیە، گەرمیان و هەڵەبجە و شار و شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بە دروشمی (ئاش بەتاڵە ئاش بەتاڵ، بڕوخێ حکومی پاتاڵ) بۆ شەشەم هەفتە بەڕێوەچوو.

 

مامۆستایان داوای مافەکانیان دەکەن، کە پێدانی مووچەکانیان ٣٠ ڕۆژ جارێک، پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژە.

 

کەلسوم مەحمود، یەکێکە لە مامۆستایانی وانەبێژ لەناو خۆپیشاندەرانەوە وتی: لە بەرامبەر هەڵوێستی وەزیری پەروەردە کە دەڵێت دەبێت دەوام بکەن، ئێمەش دەڵێین دەبێت دابمەزرێنرێین تا وەڵام وەرنەگرین لەسەر شەقام بەردەوام دەبین.

 

پەرژین علی، مامۆستای وانەبێژ دەڵێت: ئەو بڕە پارەی کە پێمان دەدرێت بە چی بدەین، تا دانەمەزرێین بەردەوامین لە خۆپیشاندان.

 

مامۆستایانی دامەزراوی ناڕازی و مامۆستایانی وانەبێژ سەرەڕای بەردەوام بوونی بایکۆت لە ناوەندەکانی خوێندن دووپاتیان کردەوە، داوای پلە بەرزکردنەوە و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆی و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن و خوازیارن قوتابخانە ئەهلیەکانیش هاوهەڵوێستی هاوپیشەکانیان بن لەسەر شەقام.

 

خۆپیشاندانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە دەبێت مامۆستایان ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی یەکەم دەستبکەنەوە بە خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن.