نەبوونی ئاسایشی خۆراک... پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ١٠ هەزار منداڵ گیان لەدەستبدەن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف داوایان لە لایەنە شەڕکەرەکانی سودان کردووە سیستمی تەندروستی و خۆراک بپارێزن و چاکیان بکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە گیان لەدەستدانی زیاتری منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

ناکۆکییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا  لە ١٥ی نیسان دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٩ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە، لە کاتێکدا قەیرانی تەندروستی خراپتر کردووە و زیاتر لە نیوەی دانیشتوان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ مانەوەیان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە سودان بەهۆی ئەو جەنگەوە لە برسێتیدان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووەو نزیکەی ٧٠٠ منداڵ بەهۆی ئاڵۆزییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن، هەروەها ١٠٠ منداڵ پێویستیان بە چارەسەری ژیان ڕزگارکەر هەیە بەهۆی بەدخۆراکییەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، بەلایەنی کەمەوە ١٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵان لەوانەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گیان لەدەستبدەن، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و تێکچوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە دەستپێکی جەنگی سودانەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ٧.١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی هەیە، لەنێویاندا  ٤.٥ملیۆن کەسیان لە سەرەتای جەنگەوەیە، سودان ئێستا زۆرترین ژمارەی ئاوارەی هەیە لە جیهاندا، ملیۆنان منداڵ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن وەک کۆلێرا، سورێژە و مەلاریا، سیستمی تەندروستی لەژێر فشارێکی زۆردایە بەهۆی هێرش و شەڕەوە.

 

زیاتر لە ٢٠.٣ ملیۆن کەس، یان زیاتر ٤٢٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە، ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە، ئەمەش بەتایبەتی لەو ناوچانەدا ڕاستە کە پێکدادان تێیدا ڕوودەدات، بەتایبەتی لە دارفۆر، خەرتووم، باشوور و ڕۆژئاوای کۆردۆفان.