کارەساتی سروشتییەکان ساڵانە کاریگەری لە ژیانی ئەفغانییەکان دەکات

ساڵانە کارەساتی سروشتی لە ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆ لە دانیشتووانەکەی دەکات، بەڵام تاڵیبان دەست دەگرێت بەسەر کۆمەک و هاوکارییەکاندا و ئازاری ئەفغانییەکان زیاتر دەکات.

بەهاران لاهیب

 

هەرات- ڕووداوی سروشتی لە هەموو وڵاتێکدا ڕوودەدات، بەڵام لە وڵاتانی وەک ئەفغانستاندا کە لە ژێر دەسەڵاتی خیانەتکارترین حکومەتەکاندایە ئازار و مەینەتی زیاترە، لە ماوەی بیست ساڵی دەسەڵاتی ئەمریکا و حکومەتە بوکەڵەکەیدا، ملیۆنان دۆلار بە ناوی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە ئەفغانستاندا دابین کران، بەڵام وەکو پڕۆژەکانی دیکە بەفیڕۆچوون و کرایە گیرفانی خۆفرۆشانی ئەفغانستان و وڵاتانی تێوەگلاو لە ئەفغانستانەوە.

 

تاڵیبان دەستێکی باڵاتری هەیە لە خیانەتکردن و ئەنجامدانی تاوان دژی نەتەوەی ئەفغانستان لە حکومەتەکانی غەنی، عەبدوڵڵا و کارزای، هەر جارێک ڕووداوی سروشتی لە هەر پارێزگایەک ڕووبدات، خەڵک ئازاریان بۆ دروست دەبێت و تاڵیبانیش کارەساتەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە.

 

ساڵی ڕابردوو کاتێک بوومەلەرزەکە لە پاکتیکا و خۆست ڕوویدا، لافاو لە پارێزگا جیاوازەکانی وەک لۆگر دروستبوو، ئەمساڵ لافاو لە دەشتی مەیدان وەرداک دروستبوو دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، ئێستاش بوومەلەرزەکە هەراتی کردە وێرانە، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی تاڵیبان بۆ میلیشیاکانیان، هاوکارییە مرۆییەکانیانی لە وڵاتانی جیاواز و ڕێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانەوە دەهاتن، دەخستە گیرفانی خۆیانەوە، کە بریتی بوون لە (پارە، خواردن، جل و بەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ، دەرمان، و چادر)، خەڵک خەمبارن بە لەدەستدانی ئازیزان و ماڵ و ماڵەکانیان و زۆربەشیان بێ ئاگان لەم یارمەتییانە.

 

لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٣ پلەی ڕێختەر ڕوویدا و سێ شارۆچکەی پارێزگاکەی وێران کرد، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا، ژن و منداڵن، لەبەرئەوەی پیاوانی بنەماڵەکان پەنایان بۆ ئێران بردووە بۆ دۆزینەوەی پارچەیەک نان و ژنانی دووگیانیش زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەو پێیەی نەیانتوانیوە لە ژێر ئاودا دەربچن، وەک هەمیشە تەنها خەڵکی ناوچە دراوسێکان دەستیان بە ناردنی هاوکاری بۆ هەرات نارد و خەڵکیش لە ترسی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە، لە شەقامدا دەمێننەوە.

 

شەمسیە غولام، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی بوومەلەرزەکەی هەرات، باسی لە ڕۆژی بوومەلەرزەکە کرد، وتی: کاتژمێر ١١:٢٠ بوو کە یەکەم بوومەلەرزە ڕوویدا، دوای ئەوە هەموو ماڵەکەم بوو بە وێرانە، ئەندامانی خێزانەکەم و کەلوپەلەکانم وێران بوون، ئێستا لە سێ چادردا دەژین.

 

شەمسیە دەمانباتە نزیک چادرەکانی و فرمێسک بە چاوەکانیدا دەڕژێت، چونکە چوار ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە، هەر خێزانێکیش لانیکەم سێ ئەندامی لەدەستداوە، جگە لەوەش خەڵک ڕووبەڕووی ساردی زستان دەبنەوە.