لە کۆنگرەی پێنجەمی یەنەکە ژنان کۆتای ٪٢٥یان تێنەپەڕاند

ماوەی پێنج ڕۆژە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بە پێی بڕیار دەبوو بۆ هەر لیژنەیەک ژنان بە کۆتای ٪٢٥ ببنە ئەندام، بەڵام ژنان لە ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەنەکەدا ڕێژەیان ٪١٥یە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٧ی ئەیلوول، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام، لە سلێمانی دەستیپێكرد و ئێوارەی دوێنێ، لە پێنجەم ڕۆژی کۆنگرەدا کۆتایی بە کارەکانی هات و ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكهێنران.

 

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەنەکە لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا، لەبارەی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئەنجومەنەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بۆ هەر سێ ئەنجومەنەکە خۆیان کاندید کردووە، بەپێی ڕێژەی کۆتاش دەبێت ٢٥٪ی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنەکان ژنان بن و بەشداریی ژنان لەو ڕێژەیە کەمتر نەبێت.

 

ئەگەرچی یەنەکە حزبێکی دیموکراتە و دەبێت ڕێژەی ژنانی کۆتای ٪٢٥ تێبپەڕێنێت، بەڵام دوایی کۆتایی هاتنی کۆنگرە و ڕاگەیاندنی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەنەکە، دەرکەوت لە کۆی ٦٠ ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی حزبەکە، واتە ٦٠+١، تەنها ٩ ژن بوونەتە ئەندامی ئەنجومەکە و کەمترە لە ڕێژەی کۆتا.

 

بەپێی ناوە ڕاگەیەندراوەکان، هەریەک لە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕیواز فایەق، ڕابیحە حەمەد، فریال عەبدوڵا، بڵێسە جەبار فەرمان، شەونم زرار بلباس، فەوزییە نەزیف، تەلار لەتیف و جوان ئیحسان، بە ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە هەڵبژێدران کە ڕێژەیان تەنها ٪١٥یە و کەمترە لە کۆتای ٪٢٥.