بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە و گردبوونەوە دەستیپێکرد

بەیانى ئەمڕۆ لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان مامۆستایانى وانەبێژ و هەمیشەیی گردبوونەوە و داوایانکرد، حکومەت موچەى سێ مانگیان پێکەوە پێبدات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٣ی ئەیلوولەوە پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی پێنەدانی مووچەی سێ مانگ "تەمووز، ئاب، ئەیلوول" لە خوێندنگە حکومییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتە و مامۆستایان داوای پێدانی مووچەکانیان دەکەن.

 

بەیانى ئەمڕۆ ١ی تشرینی یەکەم لە پارێزگاى سلێمانى، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر مامۆستایانى وانەبێژ و هەمیشەیی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ناوچەکانیان گردبوونەوە.

 

مامۆستایانی وانەبێژ داوایانکرد حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەى هەمیشەیی لە ناوەندەکانى خوێندن دایانبمەزرێنێت، دوای دەیان جار داواکاری و گردبوونەوە تا ئێستا حکومەتى هەرێم بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەچووە.

 

هەروەها، مامۆستایانى هەمیشەیی لە میانەى گردبوونەوەکەیاندا داوایانکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان موچەى سێ مانگى ڕابردوویان پێ بدات، ئەگەر نا، ئامادە نین دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن بکەنەوە.