" نەبوونی زانیاریی ڕێگە خۆش دەكات بۆ گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست"

لە ڕۆژی جیهانی گشتاندنكردنی سوود وەرگرتن لە زانیاریی سەنتەری میترۆ بڵاویکردەوە، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە هاوڵاتییان و میدیاكاران، نەتواندراوە دۆسییەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٨ی ئەیلوول، سەنتەری میترۆ لە ڕۆژی جیهانی گشتاندنكردنی سوود وەرگرتن لە زانیاریی ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەهۆی شاردنەوەی زانیاریی هەستیار و گرنگ لە هاوڵاتییان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتیی، نەتواندراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لە ئاشكراكردنی دۆسیە زۆر و زەوەندەكانی گەندەڵكاران.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە بەڵگەنامە و ئامارە فەرمییەکان بخرێنە خزمەتی هاوڵاتییان، میدیاكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تاوەکو ببنە هاوبەش لە پڕۆسەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، نابێت زیرەکی دەستکرد بكرێت بە ئامڕازێكی دیکە بۆ ساختە هەواڵ و زانیاریی گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتییان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری میتۆردا ئەوەش هاتووە: زانین مەرجێكی گرنگە بۆ حكومداری باش، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لە یەكدی جیاناكرێنەوە، دەستگەیشتن بە زانیاریی و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، سیستمی دیموكراسی بەهێز دەكات، هەروەك بە پێچەوانەشەوە نەبوونی زانیاریی ڕێگە خۆش دەكات بۆ گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست.