ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی چالاکوانێکی ئەفغانی دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە تاڵیبان کردووە بەبێ مەرج نادا باروانی، ئەندامی بزووتنەوەی خۆپیشاندەرانی ژنانی ئەفغانی و خێزانەکەی ئازاد بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٩ی ئەیلوول بەهۆی ئەوەی بەردەوام خۆپیشاندانی دژ بە قەدەغەکردنی سەر ژنان دەکرد لەلایەن تاڵیبانەوە، نادا باروانی لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی دەستگیرکرا.

 

نزیکەی هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی نادا باروانی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی خۆی و خێزانەکەی کرد بەبێ مەرج.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنەکەیان نییە و نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی نادا باروانی.

 

ئاماژە بەوەکراوە، پێشێلکارییە گشتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، لە ئەفغانستان بەردەوامە، داوای دامەزراندنی میکانیزمی نێودەوڵەتی سەربەخۆی لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤەوە کردووە بۆ بەرپرسیارکردنی ئەوانەی بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.