توێژەران: زەوی نەخۆشە و پیس بووە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرا کراوە، چیتر زەوی بۆ مرۆڤ سەلامەت نییە، چونكە بە تەواوەتی پیس بووە.

ناوەندی هەواڵ


بەپێی توێژینەوەیەك كە ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بڵاویکردووەتەوە، لە كۆی ٩ پێوەری سەرەكی تەندروستی لە جیهاندا ٦ یان ستانداردەكانی سەلامەتییان تێپەڕاندووە کە بریتین لە "كەشوهەوا، جۆراوجۆری زیندەیی، كوالێتی و پاكوخاوێنی زەوی، ئاوی شیرین، پیسبوونی ماددە خۆراكیەكان و ماددە كیمیاییەكان كە لە ئەنجامی مایكرۆپلاستیك و پاشماوە ئەتۆمییەكانەوە دروست دەبن"، هەموویان ناهاوسەنگن و لە كۆنتڕۆڵ دەرچوون, دووانیشیان بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەڕۆن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ترشی زەریاكان و تەندروستی هەوا و چینی ئۆزۆن تاكە پێوەرن كە هێشتا لە چوارچێوەی ئەو سنورانەدان كە بە سەلامەت دادەنرێت، هەروەها پیسبوونی زەریاكان و هەوا بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەڕوات.

 

 یۆهان رۆكسترۆم یاریدەدەری نوسەری توێژینەوەكە و بەڕێوەبەری پەیمانگای پۆتسدام بۆ توێژینەوەی كاریگەرییەكانی كەشوهەوا لە ئەڵمانیا وتویەتی، ئێمە لە دۆخێكی زۆر خراپداین لەم شیكارییەدا ڕوونبووەوە هەسارەكە توانای خۆڕاگری خۆی لەدەست دەدات و زۆر نەخۆشە، ئاو لە قۆناغی بەزەحمەت سەلامەتەوە گواستراوەتەوە كە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ژێر كۆنتڕۆڵ دەرچووە، ئەمەش بەهۆی خراپتربوونی كێشەكانی ناو ڕووبارەكانەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی پێوانەیەكی باشتر هەیە كە وایكردووە زاناكان بتوانن بە وردی لە كێشەكە تێبگەن.


هەر بەپێی توێژینەوەكە، ٩ ستانداردەكەی سەلامەتی بەیەكەوە گرێدراون و تێكچوونی هەر یەكێك لەم سێكتەرانە بووەتە هۆی تێكچوونی هەندێك لە بەشەكانی دیكە، لەكاتێكدا چاككردنی بەشێك یارمەتیدەر بووە بۆ باشتركردنی ئەوانی دیكە، یەكێك لە بەهێزترین ئامڕازەكانی بەردەستی مرۆڤایەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، پاككردنەوەی زەویەكان و ڕزگاركردنی دارستانەكانە.