ڕۆژی هەینی هاشتاگی ژن، ژیان، ئازادی چالاک دەکرێت

لە بەیاننامەیەکدا کۆلێکتیڤی ژن، ژیان، ئازادی ڕایگەیاند، ١٥ی ئەیلوول کەمپینێکی هاشتاگ بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێدەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆلێکتیڤی "ژن، ژیان، ئازادی" بە بەیاننامەیەکی نووسراو دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆ ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکرد و ڕایگەیاند، "کۆمەڵەی ژن، ژیان، ئازادی کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی ژنان لە دەرەوەی وڵات، دەستیان بە زنجیرەیەک چالاکیی کردووە، دامەزراندنی کۆلێکتیڤەکەش وەڵامێکە بۆ ستەم و داگیرکاریی ڕژێمی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دژی ژنان، لەسەر جەستە و ڕۆحی ژنان خۆی بنیادناوە و شەرعیەت و پاساو بۆ ستەم و دەسەڵاتەکانیان دەهێننەوە.

 

هەر لە بیاننامەکەدا هاتووە، "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمێکی "ئەفسوناوییە" کە زۆرترین گوزارشت لە ڕاستی پارادایمی دیموکراسی، ئیکۆلۆژی، ئازادی ژن دەکات کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە پەرەی پێدراوە، هەمووان پێویستیان بەوەیە بزانن و دڵنیابن کە ڕژێمی ئێران ناتوانێت دەنگی ئازادی و ناسیۆنالیزم و ڕێکخراوەکان شکست پێبهێنێت. لەگەڵ تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئەم خەباتە گەیشتە ئاستی شۆڕشێکی جیهانی و هەموو سنوورەکانی دەسەڵاتی بەزاند، تا ئەو ڕادەیەی کە ئومێدێکی گەورە بوو بۆ هەموو ئازادیخوازان کە شۆڕشی سەدەی ٢١ بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بگاتە هەموو لایەن و پێکهاتە و بیروباوەڕێک کە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتدارەوە چەوساوەتەوە.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، کۆلێکتیڤی "ژن، ژیان، ئازادی" بە هاشتاگێک یەکەم چالاکیی خۆی لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێدەکات و لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز دەکەین کە بەشداری ئەم هەنگاوە بکەن، بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

 

ڕۆژی هەینی، ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ کامپەینەکە دەستپێدەکات بەم کاتانەی خوارەوە؛

کاتژمێر ٢٠:٣٠ بە کاتی کرماشان

کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە کاتی ئامەد و هەولێر و قامیشلۆ

کاتژمێر ١٩:٠٠ بە برۆکسل-ئەوروپا