WHO: تەنها ٤٣ وڵاتی جیهان داتاكانی کۆرۆنا دەدەن بە ڕێكخراوەکە
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانە لە زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هۆشداری دەدات.
ناوەندی هەواڵ
تیدروس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، بەردەوام چاودێری كۆرۆنا دەكەن كە بووەتە جێی نیگەرانی، بەتایبەتی لە نیوەی باكووری گۆی زەوی و ئەوەش پێش دەستپێكردنی وەرزی زستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا سەدان هەزار كەس لە جیهاندا بەهۆی توشبوون بە كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەكانن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی داتاكان سنوردارن و چەندین وڵات داتای تایبەت بە توشبوون بە كۆرۆنا ڕاناگەیەنن، تەنها ٤٣ وڵاتی جیهان داتاكانیان دەدەن بە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، لە چەندین دەوڵەتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست مردن بە كۆرۆنا زیادی كردووە، هەروەها لە ئەوروپا ئەوانەی كە پێویستیان بە چاودێری چڕە زیادیان كردووە، سەرەڕای ئەوەی نەوەیەكی دیاری كراوی ڤایرۆسەكە كۆنترۆڵی جیهانی نەكردووە، نەوەی "ئەی جی ٥" كە نەوەی ئۆمیكرۆنە لە زیادبوونی بەردەوامە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە وڵاتان دەکات چاودێری چڕتر بكەنەوە و دابەشكردنی ڤاكسین زیاتر بكەن.