بەردەوام بوونی بڕینی ئاوی فورات هەڕەشەیەکە و کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هەموو شێوەیەک شەڕ لەگەڵ گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، لەوانە شەڕی تایبەت بەوەی وڵاتەکە لە ئاوی ڕووباری فورات بێبەش دەکات.

هێڤی حاجی عەلی

 

کۆبانێ- ژنانی کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی فورات، کە ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی مرۆیی و سروشتی لە ناوچەکەدا و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێداویستییەکانی ژیان.

 

لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئاوی ڕووباری فوراتی لە سەر خاکی سووریا ڕاگرت، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی ئاوی ڕووبارەکان کە لە تورکیاوە بۆ سووریا دەچێت بۆ کەمتر لە ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی شام و تورکیا واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە سووریا لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاوی ڕووبار وەردەگرێت.

 

لە سەرەتای نیسانی ٢٠٢٢ەوە، سەرچاوەی ئاوی ڕووباری فورات کەمی کردووە بۆ ئاستی ٤ مەتر و نیو و لە ئەنجامدا هەرسێ بەندانی تشرین و ئازادی و فورات، کە لەسەر ڕووبارەکە دروستکراون، کاریگەرییان لەسەرە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێداویستییەکانی ژیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

"تورکیا بە سیاسەتەکانی دەیەوێت گەل ئاوارە بکات"

سەبارەت بە نزمی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات، خالیسە حاجی عەبدولقادر، سەرۆکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە ناوچەی کۆبانێی فورات، وتی: تورکیای داگیرکەر بەدوای هەموو ڕێگاکاندا دەکەوێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تورکیا بە شەڕی سیاسی و سەربازیی خۆی لە دژی ناوچەکە ڕازی نەبوو، بۆیە پشتی بە بێبەشکردنی ئاوی فورات بەستووە.

 

وتیشی: بە بڕینی ئاوی فورات، تورکیا، هەوڵدەدات گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بکات بە لەناوبردنی کوردەکان و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە، چەندین کێشەی لە ناوچەکەدا دروستکردووە، نزمی ئاستی ئاو یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەشکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا، کە کاری سەنتەرە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی تێکداوە کە پشت بە کارەبا دەبەستن بۆ کارکردنی ئامێرە پزیشکیەکان.

 

"کارەساتی مرۆیی و سروشتی دروست دەکات"

خالیسە حاجی عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان حکومەتی شام و تورکیا واژۆکراون، سووریا مافی ئەوەی هەیە ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو وەربگرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بۆ کەمتر لە ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی و سروشتی لە ناوچەکەدا دروست دەکات، وتیشی: ئاو بە بڕبڕەی پشتی ژیان دادەنرێت و هەموو پێداویستییەکانی ژیان بەستراوەتەوە بەوەوە تورکیا ئاوی ناوچەکە دەبڕێت وەک یەکێک لە کردارە سیستماتیکییەکان بۆ پاڵنانی گەل بۆ کۆچکردن.

 

"تورکیای داگیرکەر لە مافە سەرەتاییەکان بێبەشمان دەکات"

سەبارەت بە کاریگەری بڕینی ئاو لەسەر خەڵکی ناوچەی کۆبانێ، ئەمینە مەحمودی تەمەن ٦٠ ساڵ وتی: تورکیای داگیرکەر بەردەوام شەڕمان لەگەڵ دەکات نەک تەنها منداڵەکانمان دەکوژێت و دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە دەکات، بەڵکو پشتی بە بڕینی ئاوی فورات بەستووە، کە یەکێکە لە شێوازەکانی شەڕی تایبەت، چونکە لە مافە سەرەتاییەکانی ئاو و کارەبا بێبەشمان دەکات.

 

وتیشی: بەهۆی کەمی ئاوی فوراتەوە، کاتژمێرەکانی کارەبا کەمکراونەتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی، بەتایبەتی لە منداڵان و بەساڵاچووان، تەنانەت بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئاوەوە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی گەرمایەکی زۆرەوە گیان لەدەستدان هەبوو، تورکیای داگیرکەر کاردەکات بۆ ئەوەی ئێمە لە خاکەکەمان برسی بکات و لە وڵاتەکەمان ئاوارەمان بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمینە مەحمود داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار کرد بارودۆخی گەلی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبەرچاو بگرن و خێرا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا بهێنن.